وهزیری دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێمی كوردستان، راگهیهندراوێكی لهبارهی بهشه بودجهی ههرێمی كوردستان بڵاوكردهوهو لهبهشێكیدا دهڵێت، "هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار وڕێکەوتن ولێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر درا".
ئاوێنه: ئاوات شێخ جهناب، وهزیری دارایی و ئابووری حكومهتی ههرێمی كوردستان راگهیهندراوێكی لهبارهی بهشه بودجهی ههرێمی كوردستان بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه، "هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو".
دهقی راگهیهندراوهكه:
ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار وڕێکەوتن ولێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر دراو دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی ٤ نیسانی ٢٠٢٣ بەئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد واژۆ کرا.
هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجام درابوو.
ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کەئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد.
بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەندو بارگرانیە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاولاتیەکی عێراقی نەکراوەو ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت بەئەرکەکانی خۆی هەستێت، بۆیە سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکاریە ستەم کارانەیە ئەکەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان.
بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکی ناوماڵی کوردو بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیابکرێتەوە.
ئەو کەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووەو دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی ترە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێزو لایەنانەیە کە دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە.
وە ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی کەلەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عیراقدایە.
خۆزگە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بەناوی شەفافیەت و یەکسانیەوە ئەو هەموو کۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە تەنها لە ١٠/ یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە ١٠ ساڵی ڕابردودا بۆ یەک جاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنوردار بکردایە و ملیارەها دۆلارە دزراوەکەی عیراق چارەنوسی دیاری بکرایە سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە بەسەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە لێ ی زەرەر مەندە و ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەست خۆشی ئەو کاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد.
خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا ئەبینی تەنها ڕویان لە هەرێم نەبوایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە ئاخۆ گەندەڵی لێ یە؟