عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا پێویست بە گرتنەبەری رێكاری دیكە ناكات و بەردەوامبون لەسەر ئەو رێكارانەی هەن بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار وا دەكات، لە چەند رۆژی داهاتودا بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت.
ئاوێنە: عەلی عەلاق، ئەمڕۆ شەممە، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، ئەو پاكێجی رێكارانەی كە هەن تاڕادەیەكی زۆر بونەتە هۆكاری كەمكردنەوەی ناجێگری و هەڵبەزو دابەزی نرخی دۆلار.
ئەوەشی خستۆتەڕو، بەردەەوامبون لەسەر ئەو رێكارانە وادەكات لەچەند رۆژی داهاتودا بەشێوەیەكی بەرچاو نرخی دۆلار دابەزێت.
جەختیشی كردۆتەوە كە لە ئێستادا پێویست بە راگەیاندنی پاكێجی بەپەلەو رێكاری نوێ و زیاتر ناكات، چونكە بەقسەی ئەو رێكارەكان بەشێوەیەكی گونجاو لەڕێگەی سەكۆ ئەلیكترۆنییەكانەوە بەڕێوەدەچن هەرچەندە هەندێك كۆسپی كاركردن یاود كۆسپ لەسەر رێی كاری بازرگانی نێودەوڵەتی هەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە شارەزایان چاوەڕێ ناكەن بەمزوانە نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت. جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕى دراوەکەى سلێمانى، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ ئێن ئاڕ تى لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، تەنیا جێگیرکردنى بەهاى دینار لە بەرامبەر دۆلار بە 130 هەزار دینار لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەس نییە بۆ دابەزینی بەرچاوی نرخی دۆلار، بەڵکو دەبێت بانکى ناوەندى عێراق رێکارەکان و لێپرسینەوەکانى توندتر بکاتەوە.
جەبار گۆران راشیگەیاند، کۆمەڵێک بانک هەیە دەسەڵاتیان لە سەروى بانکى ناوەندى عێراقەوەیە، بۆیە ناتوانرێت نرخى دۆلار ببێتە ئەو نرخەى کە پەرلەمانى عێراق جێگیرى کردوە.
جەبار گۆران باسى لەوەكرد کە قۆرخکارى هەیە و وتى، بەشێکى دۆلار ئێستاش دەچێتە دەرەوە، ئەگەر رێکارەکان توندر نەکرێنەوە، ئەوا لەو باوەڕەدا نییە دۆلار بەم زوانە بێتە خوار 140 هەزار دینار.