هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەبارەت بەپڕۆژەیاسای بودجەو پشكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی-یش لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، دانوستانەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بەردەوامەو دەشڵێت، ھەموو ھەوڵێک بۆ نەھێشتنی ئەو ماددانە دەدەن کە گۆڕانکارییان تێدا کراوە.
ئاوێنه: محەمەد سەعدون سودانی، پەرلەمانتاری شیعە ئاشكرای كردووە كه بەمنزیكانە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە ساز دەكات سەبارەت بەپڕۆژەیاسای بودجەی عێراق.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، له‌كۆتایی مانگی ئه‌یلولی 2022 له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان‌و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان‌و ھەردو ھاوپەیمانی عەزم‌و سیادەی سوننەکان‌و بزوتنەوەی بابلیونی مەسیحی پێكهێنراو ڕێككه‌وتنی سیاسی ئه‌و لایه‌نانه بووه كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.
سودانی دەشڵێت، لیژنەی دارایی گفتوگۆكانی لەبارەی هەموو بڕگەكانی بودجە كۆتایی پێهێناوەو هەندێك گۆڕانكاری ئەنجامداوە، ئەو گۆڕانكارییانە بوونە هۆی دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە، بۆیە ئێستە تۆپەكە لەیاریگەی هێزە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە.
ناوبراو ڕونیده‌كاته‌وه كه لەماوەیەكی زۆر نزیكدا هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆدەبێتەوە بۆ دیاریكردنی دوایین شێوەی پڕۆژەیاسای بودجە، بۆیە بڕیاری كۆتایی بۆ ئەوان دەبێت، دوای كۆبونەوەیان، پڕۆژەیاساكە دەدرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری، كە پێشبینی دەكرێت لەماوەی ئەم هەفتەیە تێپەڕ بكرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەماڵپەڕی فەرمی حزبه‌كه‌ی ڕاگەیاندووه، ''تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجە لەقۆناغی دانوستاندایه‌و بەردەوامین لەدانوستانەکانمان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوەو لەبەر ئەوەیش ناتوانم پێشبینیی خۆم لەبارەی وادەی دەنگدان لەسەر بودجە لەنێو پەرلەمان بڵێم، چونکە ھێشتا ھەر دانوستان دەکرێ لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان.''
وتیشی، ''ھەموو ھەوڵێکدەدەین بۆ گۆڕینی ئەو گۆڕانکارییەی لەو مادانەی پەیوەستن بەھەرێمی کوردستان کراوەو پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەقەی پێشتر لەناو پڕۆژەیاسای بودجەدا ھاتووە نەک ئەوەی ئێستا گۆڕیویانە، تا پێمان بکرێت بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین''.
پێنجشەممەی ڕابردو 25ی 5 لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ردو ماده‌ی 13 و 14ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی په‌سه‌ندكرد كه ئه‌و دو ماده‌یه تایبه‌ته به‌پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتی عێراق، په‌سه‌ندكردنی ماده‌كان مشتومڕێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌لایه‌ك نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌لیژنه‌كه ده‌نگیان بۆ دو ماده‌كه‌داو نوێنه‌رانی پارتی‌و یه‌كگرتوی ئیسلامیش كۆبونه‌وه‌كه‌یان به‌جێهێشت‌و ده‌نگیان نه‌دا، به‌و پێیه‌ی گۆڕانكارییه‌كان دژی هه‌رێمی كوردستانه.