راوێژکارێکی سودانی واده‌ی‌ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ئاشكرا ده‌كات
  2023-06-03       1176       


راوێژکاریی سیاسی محه‌مه‌د شیاع سودانی‌، سەرۆک وەزیرانی عێراق واده‌ی‌ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، نابێت ناکۆکی لەبارەی مادەکانی تایبەت بەپشکی هەرێمی کوردستان له‌پرۆژه‌ یاساكه‌دا بکرێنە ناکۆکی سیاسی. 

ئاوێنه‌: ئه‌گه‌رچی‌ بڕیاربو شه‌ممه‌ی‌ ڕابردو 27ی‌ ئایار په‌رله‌مانی‌ عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی‌ په‌سه‌ندبكردایه‌، به‌ڵام تائێستا ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند ماده‌یه‌كی‌ پرۆژه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ فادی شەمەری، راوێژکاریی سیاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئه‌مڕۆ شەممە، رایگەیاند، "پێشبینی دەکەم کەمتر لە 10 رۆژی دیکە پەرلەمانی عێراق دەنگ بەپڕۆژەیاسای بودجە بدات".

سەبارەت بەناکۆکیی له‌سەر پشکی هەرێمی کوردستان لەپڕۆژەیاساکەدا، شەمەری وتی، "نابێت ناکۆکی لەسەر مادەکانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە ناکۆکیی سیاسی. سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سورن لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەحکومەتدا بەهێز بکەن". 

پێنجشەممەی‌ ڕابردو 25ی‌ 5 لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق هه‌ردو ماده‌ی‌ 13 و 14ی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ په‌سه‌ندكرد كه‌ ئه‌و دو ماده‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌پشکی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەبودجەی‌ گشتی‌ عێراق، په‌سه‌ندكردنی‌ ماده‌كان مشتومڕێكی‌ زۆری‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا، له‌لایه‌ك نوێنه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ له‌لیژنه‌كه‌ ده‌نگیان بۆ دو ماده‌كه‌داو نوێنه‌رانی‌ پارتی‌‌و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیش كۆبونه‌وه‌كه‌یان به‌جێهێشت‌و ده‌نگیان نه‌دا، به‌و پێیه‌ی‌ گۆڕانكارییه‌كان دژی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×