بەهای لیرەی تورکی لە نزمترین ئاستێکی پێوانەیی نزیکبوەتەوە، بەجۆرێک 20.65 لیرە بەرامبەرە بە یەک دۆلار، چاوەڕوانی زیاتری لەدەستدانی بەهای دراوی ئەو وڵاتە دەکرێت.
ئاوێنە: بەهای یەک دۆلار لەئێستادا بەرامبەرە بە 20.62 لیرە و بەراورد بە دوێنێ سێشەممە نزیکەی 1% بەهاکەی لەدەستدا و بەردەوامیشە لە دابەزین، دوێنێ سێشەممەدا 20.42 لیرە بەرامبەر بو بە یەک دۆلار.
لیرە لە ناوەڕاستی مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵەوە بە پشتبەستن بە سیاسەتە ئابورییەکان دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردن، رو لە لێژیە و بەردەوامە لە لەدەستدانی بەهاکەی.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای لیرە بەرامبەر بەدۆلار زیاتر لە 9% دابەزیوە و لە ماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە 90%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، ئابوریەکەی ئەو وڵاتە بەچەندین شەپۆلی بوژانەوە و دابەزین و هەڵاوسانی بەرزدا تێپەڕیوە.
دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە بەرامبەر بەدۆلار لەدوای سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکان و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەی دێت لە 28ی ئەم مانگەدا، سەرەڕای چەندین بەڵێن و هەنگاو بۆ بەرزکردنەوەی دراوی نیشتمانی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتو نەبوە.