ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، ڕێككەوتنی 50 ساڵی لەنێوان هەرێمو توركیا خاڵی ناكۆكی ئەنقەرەو بەغدادە، حكومهتی عێراق دەیەوێت گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم و تورکیا ھەڵبوەشێنێتەوە.
ئاوێنه: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق بهمیدیاكانی یهكێتی راگەیاندووه، لەکۆبونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری نەوت تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیان کردووەو دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆسەیە تەنھا بەعێراقەوە پەیوەست نییە، بەڵکو پەیوەندی بەتورکیاشەوە ھەیە.
وتیشی، عێراق خوازیارە تەواوی رێکكەوتنەکان و گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم ھەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەت رێککەوتنی پەنجا ساڵی لەگەڵ تورکیا و دەیەوێت رێککەوتنی نوێ بکات، ھەروەھا گرێبەستەکانیش بکرێنە خزمەتگوزاریی.
جەمال کۆچەر دەشڵێت، ھۆکاری دەستپێنەکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ئەو پێبژاردنە داراییەیه کە دادگای ناوبژیوانی پاریس سەپاندوویەتی بەسەر تورکیادا و کێشەکە لەوەیە کە ئایا تورکیا یان ھەرێم یان عێراق ئەو پێبژاردنە دەدەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، بەغداد دەیەوێت لە چوارچێوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریدا بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت دوو دۆلار بدات بە تورکیا لەبەرامبەر ھەناردەکردنی نەوتدا، بەڵام تورکیا دەیەوێت ھەمان رێککەوتنەکەی ھەرێم بەشێوەی پەنجا ساڵییەکە بەردەوام بێت.
٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرت. سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت، تا ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووەتەوە.
رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ئهمساڵ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانو کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.
پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستانو عێراقەوە ههناردهی تورکیا دهكرا کە ٣٧٠ هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستانو ٧٥ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.