لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، كه زیاتر لهسێ هەفتەیە ههناردهی نهوتی ههرێم راگیراوەو دابهشكردنی موچه زیاتر پشت بهداهاتی نهوت دهبهستێت، محەممەد شیاع سودانی رایگەیاند، "دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی عێراقە."
ئاوێنه: لەدیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی عێراقی، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی عێراقەو پابەند دەبین بەدابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
لهبارهی وادهی دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوتی ههرێم بۆ توركیا، سهرۆك وهزیرانی عێراق وتی، "ئەمڕۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک واژۆ دەکەنو لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە".
محەممەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا بابەتی تەکنیکی ماوەو نامە ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا دەکرێتو هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ئهمساڵ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانو کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دەستەکە بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.
پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستانو عێراقەوە ههناردهی تورکیا دهكرا کە ٣٧٠ هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستانو ٧٥ هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.