ئەمریكا بۆ سەقامگیری نرخی دراو كارئاسانی دیكە بۆ عێراق دەكات
  2023-04-12       655       


ئەمڕۆ چوارشەممە، بانكی ناوەندی ڕایگەیاند، شاندی بانكی ناوەندی عێراق كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتن ئەنجامداوە.

ئاوێنه‌: بانكی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند “كۆبوونەوەكانی شاندی عێراق لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق عەلی موحسین عەلاق، وەزیری دارایی تەیف سامی و شاندی تەكنیكی بەڕێوەچووە”.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەشكرا عێراق بەرەو ئەنجامدانی بەرنامەیەكی (نادارایی) دەڕوات كە بریتییە لە پێشكەشكردنی پاڵپشتی تەكنیكی و ڕاوێژكاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەو چاكسازییە ئابوورییەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پەسەندكراوە لە گەیشتن بە سەقامگیری دارایی و دراو.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ڕازیش بوون لەسەر ئامادەكردنی ڕەشنووسێكی تایبەت بە ڕێككەوتن لەسەر بەرنامەكە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت”.

عەلاق داوای لە سندوقەكە كرد “پشتیوانی پێشكەش بە بانكی ناوەندی عێراق بكات لە ڕێكارەكانیدا بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە نرخی دراودا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها ڕێككەوتنی عێراق لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا لە ساڵی ٢٠٠٨”.

لەلایەكی دیكەوە لە واشینتن پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا برایان نیلسۆن كۆبووەوە، تێیدا ئەمریكا نەرمی و ئامادەیی بۆ یارمەتیدانی بانكی ناوەندی عێراق نواندووە بۆ سەقامگیركردنی نرخی دراو و هەردوولا لەسەر ئاسانكارییەكان ڕێككەوتوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×