مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری دەدەن لەبەرامبەر پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە شەمەی داهاتو خۆپیشاندان و رێپێوان ئەنجام دەدەن.
ئاوێنە: مامۆستایانی ناڕازی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن "لەكاتێكدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتە خزمەتگوزاریەكان لەچاوەڕوانی بەرزكردنەوەی پلەكانیان بون كە بۆ ماوەی شەش ساڵ و بەبڕیارێكی نایاسایی وەستێندراوە، كەچی دەیانەوێت جارێكی تر نایاسایی میزاجیانە پلە بەرزكردنەوەی مەرجدار دەست پێبكەنەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی بەناوی ستەمی پاشەكەوت و لێبڕین و فرتوفێڵی ترەوە چەندین موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران كەوتۆتە لای كابینەی هەشتەم و نۆیەمی هەرێم. بێدەنگی زیاتر ستەمی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆیە بڕیارمان داوە كاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە خۆپیشاندان و رێپێوانی فراوان ئەنجام بدەین، هەمان رۆژیش بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن دەكەین و لە بری چون بۆ قوتابخانە رۆژێك تەرخان دەكەین بۆ داوا رەواكانمان".
مامۆستایانی ناڕازی داواشیان لەسەرجەم چین و توێژەكان بەتایبەت فەرمانبەران كردوە كە وەستانی پلە بەرزكردنەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر قوتی منداڵەكانیان داناوە، بەشداربن لەهەڵوێست و ناڕەزایەتی رۆژی شەممەدا.