پارتی‌و میرو بابا شێخ
  2020-11-22       1821       

سات محەمەد



چوارشەممەی رابردو، كە پیرۆزترین رۆژە لای ئێزیدییەكان، لەرێورەسمێكی بەشكۆدا شێخ عەلی ئەلیاس بەفەرمی كرا بە"بابا شێخ"، بەڵام بەشێك لەئێزیدییەكان دانانی ئەویان بەبابا شێخ رەتكردەوەو دەڵێن "هەڵبژاردنی شێخ عەلی شەرعیەتی نییە، لەبەرئەوەی پێش ئەوەی هەڵبژێردراوی ئێزیدییەكان بێت، هەڵبژێردراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە".



ئێزیدییەكان هیچ كاتێك وەك ئێستا لەبەردەم مەترسی ناكۆكی‌و دوبەرەكی‌و چەند بەرەكیدا نەبون، سەرچاوەی ئەم دوبەرەكی‌و ناتەباییەشیان دەستوەردانی هێزە گەورەكانی كوردستان‌و عێراق‌و بگرە ناوچەكەشە لەكاروباری ئایینی‌و جڤاكی‌و سیاسییان، بەتایبەتی پاش ئەوەی شەنگال لەلایەن هێزەكانی داعشەوە كرایە ئامانج لەئابی 2014داو پەرتەوازە بون، دواتریش پاش ئازادكردنی شەنگال لەلایەن حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراقەوە، كە بەسەر چەند هێزێكی وەك پارتی‌و پەكەكەو یەكێتی‌و حەشدی شەعبیدا دابەش کراو هەر هێزەو بەپێی خواست‌و بەرژەوەندییەكانی‌، ئێزیدیی ناوچەكانی بندەستی روەو ئەجندا سیاسییەكانی ئاراستە دەكات.


زۆرترین ژمارەی ئێزیدییەكان لەهەرێمی كوردستان‌و عێراقدا، لەزۆنی پارتیدان، تەنانەت پیرۆزترین پەرستگاو قیبلەگاكەشیان كە لالشە دیسان لەژێر دەسەڵاتی پارتیدایە، لالش بەئەندازەیەک جێی بایەخە کە بەناوەندی بڕیاری ئێزیدییەكان دادەنرێ‌.


لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا، دو كەسایەتی گرنگ‌و دیاری ئێزیدییەكان كە میر‌و بابا شێخ بون، پاش ساڵانێكی زۆر مانەوەیان لەپۆستەكەیاندا، كۆچی دواییان كرد، كە دو پۆستی گەورەو هەرە گرنگی ئێزیدیایەتییە. ئەم پێشهاتە لەم هەلومەرجەدا دەرفەتێكی زێڕینی رەخساند بۆ پارتی بەپلەی یەكەم‌و بۆ پەكەكەو یەكێتی‌و حەشدی شەعبیش تا بەشێوەیەكی نهێنی‌و ئاشكرا دەستبخەنە پرۆسەی دانانی میر‌و بابا شێخەوە.


لەم پرۆسەیەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بەحوكمی پێشینەی پەیوەندییەكانی‌و دەسەڵاتی لەشێخان‌و لالش‌و بەشێك لەناوچەی شەنگال، لەیەكلاكردنەوەی ئەو دو پۆستەدا بەراورد بەهێزەكانی دی باڵادەستتر بو، پاش شەش مانگ مشتومڕی نێو بنەماڵەی میری ئێزیدییەكان لەسەر میرایەتی، سەرەنجام بەپشتیوانی‌و ناوبژیوانی ماڵی بارزانی، حازم میر تەحسین بەگ وەك میری نوێی ئێزیدییەكان هەڵبژێردرا.


لەهەڵبژاردنی میری نوێدا كەس وەك پارتی‌و ماڵی بارزانی، دڵخۆش‌و براوە نەبون، میر لەرێورەسمی دەستبەكاربونیدا بەناوهێنان تەنها ناوی سێ‌ كەسی هێنا كە رۆڵیان لەهەڵبژاردنیدا هەبوەو بەئاشكرا رایگەیاند "سوپاسی تایبەتی مەسعود، نێچیرڤان، مەسرور بارزانی دەكەم".


هەر بەدوای ئەویشدا لەو رێورەسمەدا كە لەماوەی 75 ساڵی رابردودا یەكەمجار بو لەناو ئێزیدیەكاندا ئەنجام بدرێ‌، راوێژكاری جڤاتی باڵای روحانی ئێزیدییەكان، كەریم سلێمان دیسان سوپاسی "مەسعودو نێچیرڤان‌و مەسرور بارزانی" كردەوە‌ كە "بەشداریان كردوە لەچارەسەر کردنی ئەو كێشەیەی لەسەر دانانی میر كەوتبوە نێو ئەم بنەماڵەیەی ترۆپکی هەرەمی دەسەڵاتی ئێزیدییەكانە".


پارتی زۆر مەبەستی بو حازم ببێت بەمیر‌و رێگە لەهەر جۆرە دەستێوەردانێكی پەكەكەو یەكێتی‌و حەشدو هێزە عێراقیەکان لەیەكلاكردنەوەی ئەم هەڵبژاردنەدا بگرێ‌، لەبەرئەوەی حازم پێشتر پەرلەمانتاری پارتی بوە لەپەرلەمانی كوردستان‌و لەهەمو بڕِگە چارەنوسسازەكانی بیست ساڵی رابردوشدا هەڵوێستەكانی بێ‌ هیچ تەمومژێك‌و بەڕونی‌و ئاشكرا هەمان هەڵوێستی پارتی‌و داكۆكیكردن لە"مەسعود بارزانی" بوە.


دیسان لەهەڵبژاردنی بابا شێخ-دا وەك بەشێك لەئێزیدییەكان پێداگری دەكەن، پارتی دەستتێوەردانی كردوەو رێورەسمی هەڵبژاردنی لەدهۆك بەشێوەیەك رێكخراوە كە كاندیدەكەی پارتی بۆ ئەو پۆستە، شێخ عەلی ئەلیاس بیباتەوە‌، ئەوە تەنها ئێزیدییەكانی هەرێمی كوردستان بون رۆڵیان لەدیاریكردنی ناوبراودا بینیوە، بۆیە بەشێك لەپیاوماقوڵ‌و ریشسپی‌و سەرۆك هۆزو كەسایەتییەكانی شەنگال لەمیكانیزمی هەڵبژاردنی بابا شێخی نوێ‌ ناڕازی بون.


پارتی‌و بارزانی، شەنگال‌و شێخان‌و باعەدرێ‌‌و ناوچە ئێزیدینشینەكان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەبادینان دەڕوانن، بادینانێك كە بە"گیتۆ"ی خۆیان‌و دەڤەرێكی داخراو بەڕوی هەر هێزێكی دیكەی بەدەر لەپارتی دەزانن.


بەلای پارتییەوە پۆستی بابا شێخ وەک پۆستی میر، تەنها پۆستێكی ئایینی نییە، بەڵكو پۆستێكی سیاسیشە، بەتایبەتی كە بنەماڵەی بابا شێخ لەحەفتاكان‌و هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە تا ئەمدواییەش پەیوەندییەكی نزیكیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەبوە، بەڵام ئەمجارە پارتی لەدیاریكردنی بابا شێخی نوێدا دەرفەتی بۆ ئەو پەیوەندیی‌و نزیكایەتییە نەهێشتەوە، وەك باس دەكرێ‌ زۆربەی یاریدەدەرە نزیكەكانی بابا شێخی نوێ‌ لەپارتییەوە نزیكن.


بێگومان میر حازم-ی تەمەن 57 ساڵ‌و شێخ عەلی ئەلیاسی بابا شێخی نوێی تەمەن 41 ساڵ، پێویستیان بەپارتی‌و هاوكاری‌و پشتیوانی ماڵی بارزانییە، بەحوكمی ئەوەی لالش‌و زۆربەی ناوچەكانیان‌و زۆربەی ئێزیدییەكان بەوانەشەوە كە ئاوارە بون، لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەژین، بۆیە هیچ میرو بابا شێخێك ناتوانێ‌ رای پارتی بەئاسانی نادیدە بگرێ.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×