ژنانی ئێزیدی، ژنانی کردەو دەستڕەنگین
  2024-12-21       123       
ژیانی کەمپ زۆر قورسە، زۆر پێویستمان بەداھاتێک بوو بۆیە ئەم کارەم ھەڵبژارد

ئا : عەمار عەزیز

 

ئەگەر چی ژیان زۆر سەخت‌و ناخۆشە بۆ ئاوارەکان بەراورد بەخەڵکی خوجێی شار، بەڵام کچان‌و ژنانی ئێزیدی ھەموو ئاستەنگەکانی ژیانیان تێپەراندوەو دەست‌و پێ سپی نین‌و لەرێگای دوورینی جلوبەرگ‌و دانانی ئارایشتگاوە بوونەتە خاوەن داھاتی سەربەخۆی خۆیان.

 

سێڤێ حەمۆ، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی کۆمەڵگای سیبا شێخ خدرە سەر بەقەزای شنگال، زیاتر لە ١٠ ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لەکەمپی باجید کەنداڵا دەژی، ئەو لە رێگای دوورین‌و دیزانیی نوێی جل‌و بەرگی کوردی تایبەت بەئێزدییەکان‌و فلکۆریی ئەوان مانگانە داھاتێک بۆ خۆی‌و خێزانەکەی دابین دەکات،  سێڤێ بەئاوێنەی وت  "حەوت ساڵە دوکانێکی تایبەت بەدیزاین‌و دوورینی جلوبەرگی کوردیم لەناو کەمپ داناوە، رۆژانە لەبەیانیەوە تا ئێوارە سەرقاڵی کاری دوورین‌و دیزانیی نوێم بۆ جلوبەرگی کوردی، داواکاری باش ھەیە لەسەر جلوبەرگی کوردی، بەتایبەت لەجەژنەکانی ئێزیدی، زیاتر لە ٢٠ جۆر لەدیزانیی جلو بەرگی ژنان دروست دەکەم ، ئاوارەکانی ناو کەمپ‌و کەمپەکانی تریش سەرەدانمان دەکەن .

سێڤێ ئاماژە بەوە دەکات بەھۆی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال، نەیتوانیوە لەخوێندن بەردەوام بێت، ئەو بڕوانامەی شەشی سەرەتایی ھەیە، بەھۆی گەورەیی خێزانەکەیان‌و پێویستیان بەداھاتێک‌و لەبیرخۆبردنەوەی تاوانەکانی داعش، سێڤێ کاری دوورینی جلوبەرگ‌و دیزانکردنی ھەڵبژاردوەو تا ئێستا بەردەوامە، ئەو وتی "دایکم کاتی خۆی لەسنوری شنگال، زۆر بەناوبانگ بوو لەدوورینی جلوبەرگ‌و منیش ئەم پیشەیەم لەدایکمەوە فێربووم".

وتیشی "ئێستا وەک پێویست ھاوکاری ئاوارەکان ناکرێت‌و خێزانەکەم گەورەیە، بۆیە بیرم لەوە کردەوە منیش کەمێک بارگرانی لەسەر خێزانەکەم کەم بکەوە، لانیکەم مانگانە ٥٠٠ ھەزار دینارم دەستدەکەوێ، بەشێکی بۆ خێزانەکەم خەرج دەکەم‌و بەشێکی تر بۆ خۆم".

 

کەمی ھاوکاری رێکخراوەکان بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپ‌و پێداویستی خەڵکی کەمپ وایانکردوە کە کچان‌و ژنان دوکانی دوورینی جلوبەرگ‌و ئارایشتگا لەکەمپ بکەنەوە، تا ئاوارەکانی رێگایەکی دوور نەبڕن‌و لەھەمانکاتدا قازانجەکەش ھەر بۆ کچان و ژنانی ناو کەمپەکە بێت.

 

سەنا قەوال، ژنێکی ترە لەرێگای دانانی ئارایشتگایەکی تایبەت بەخانمان لەکەمپی کەبەرتوو کردوەتەوەو لەو رێگایەوە داھاتێک بۆ خۆی‌و خێزانەکەی دابین دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت "پێنج ساڵە لەکەمپی کەبەرتوو ئاراشتگایەکی تایبەت بەخانمانمان کردوەتەوە، حەفتانە دوو بۆ سێ بووکمان ھەیەو دەخەمڵینین، جگە لەمەش ھەر کچ‌و ژنێکی تر پێویستی بەھەر جۆرە جوانکاریەکی تر ھەبێت، ئێمە بۆیان دەکەین بەباشترین شێوە، لەم رێگایەوە بوومەتە خاوەن داھاتێک کە بۆ خۆم‌و خێزانەکەم ".

سەنا، ھاوسەرگیری کردووەو پیاوەکەی کاری وێنەگری بۆ ئاھەنگەکان دەکات، ئەو وتی "ھاوسەرەکەم زۆر پشتگیری‌و ھاوکاری من دەکات، ژیانی کەمپ زۆر ناڕەحەت‌و قورسە، زۆر پێویستمان بەداھاتێک ھەبوو بۆیە ئەم کارەم ھەڵبژارد، ھیچ رێکخراوێک ھاوکاری ئێمەیان نەکردوەو ھەموو شتێک لەسەر حسابی ئێمە بووە،"

سەنا لەکەمپی کەبەرتوو دوکانەکەی کردوەتەوە، ژنان‌و کچانی ئەو کەمپەو کەمپەکانی تر سەردانی دەکەن، ئەو وتی "ئاوارەکانی ناو کەمپ‌و دەرەوەی کەمپ سەردانمان دەکەن، تا پێمانبکرێت بەنرخێکی ھەرزان کاری جوانکاری بۆ کچان‌و ژنان دەکەین، چونکە دەزانین خەڵکی کەمپ ھەژارن‌و داھاتیان زۆر کەمە".

 

 لەئێستادا ٢١ ھەزارو ٣٠٠ خێزانی ئێزیدی لە ١٥ کەمپ لەسنوری پارێزگای دھۆک‌و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین، ھاوکات ٣٥ ھەزار خێزانی تر لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین، کۆی گشتی دەگاتە ٥٦ ھەزار خێزان .

لەھەر کەمپێک ١٥ بۆ ٢٠ دوکانی تایبەت بەدوورین‌و دیزانیی جلوبەرگی کوردی لەلایەن کچان‌و ژنانی ئێزیدی کراونەتەوە، ھەر یەکێکیان توانیویانە داھاتێک بۆ خۆیان‌و خێزانەکەیان دابین بکەن، ھاوکات ئیدارەی کەمپەکانیش ھاوکاری‌و کارئاسانی بۆ کردنەوەی دوکان‌و شوێنی تایبەت بەخۆیان دەکەن .

 

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ‌و کۆچبەران‌و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بەحکومەتی ھەرێم، کە سەرپەرشتی ھەموو کەمپەکان دەکەن، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "ھەرچی کارئاسانی‌و ھاوکارییە بۆ ئەو کچ‌و ژنانەی دەکەین کە دەیانەوێت ئیشێک لەناو کەمپدا بکەن، ئەگەر دوکانی دوورینی جلوبەرگ بێت یاخود ئارایشتگا یان ھەر پیشەیەکی تر، ئەگەر کارەکەیان لەفەرمانگەیەکی حکومی کێشەیان بۆ دروستبوو، ھەوڵدەدەین بەزووترین کات بۆیان چارەسەر بکەین".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×