ئا: مەزهەر کەریم
لەکوردستان مشتومڕێکی نەبڕاوە سەبارەت بەوە لەئارادایە کە بۆ پەرلەمان کامیان گرنگترە: پهرلهمانتاری چالاك یان ئهكادیمیو خاوهن بڕوانامه؟ دوو سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێن "مەرج نییە ھەرچی بڕوانامەی بەرزی ھەبوو، پەرلەمانتارێکی بەتواناو باش بێت".
عەدنان موفتی، سەرۆکی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان کە دەربارەی ئەو قسەو باسانەی ئەکادیمی بوونی پەرلەمانتار یان چالاک بوونی پەرلەمانتار لەئارادایە، بەئاوێنەی راگەیاند "زنیدویەتی پەرلەمانتار ئەوەیە دەبێت پرٍۆژەی ھەبێت لەناو پەرلەماندا، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری کارەکانی حکومەتو وەزارەتەکانی حکومەتیش بکات، بەو پێیەی سەرۆکی حکومەتو وەزارەتەکان لەپەرلەمانەوە ھەڵبژێردراون".
عەدنان موفتی جەغتی لەوە کردەوە کە مەرج نییە ھەرچی بڕوانامەی بەرزی ھەبوو پەرلەمانتارێکی باش بێت، ئەو وتی "کەسانێک ھەبوون لەپەرلەمان ئەزموونی سیاسیان ھەبووەو توانایان ھەبووەو خاوەنی بڕوانامەی بەرزیش نەبوون، بەڵام رۆڵی کاراو کاریگەرییان بینوە لەپەرلەماندا، بەڵام ھەندێکجاریش پەرلەمان پێویستی بەپسپۆڕییو شارەزایی ھەیە".
وتیشی "بەشێوەیەکی گشتی مەرج نیە پەرلەمانتارێک کە بڕوانامەی بەرزی ھەبێت، بتوانێت چاودێریەکی باشی پەرلەمان بکات، واتا دەکرێت بڕوانامەی بەرزی نەبێتو کارەکانی بەباشی بکات، ئەوەی گرنگە بۆ پەرلەمانتار ویژدانی ھەبێتو بەرژوەندی گشتی میللەت لەبەرچاو بگرێتو بەرژەوەندی گشتی بخاتە پێش بەرژەوەندی فراکسیۆنو حیزبەکەیەوە".
سەبارەت بەپەرلەمانتاری چالاک یان ئەکادیمی، زۆرجار نوکتەیەک لەزاری مام رۆستەمەوە دەگێڕدرێتەوە کە گوایە لەخولی یەکەمدا، مام رۆستەم چووەتە پەرلەمانەوە سەیری کردووە بەشێکی هەڵگری بڕوانامەی بەرزی دکتۆراو ماستەرە، وتویەتی "جا من لەچاو ئەواندا چی دەزانم! بەکزۆڵی لەدواوە دادەنیشتم، بەڵام سەیر دەکەم رۆژ بەڕۆژ مشتومڕی ناو پەرلەمان لەنێوان پارتیو یەکێتی گەرمەو ئەمانە دەنگیان لێوەنایەو هەلوێستیان نییە، منیش نەمکردە نامەردی ئەوانم کردە دواوەو خۆم هاتم لەڕیزی پێشەوە دانیشتم".
یوسف محەمەد، سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەمبارەوە بەئاوێنەی راگەیاند کە گرنگە پەرلەمان کەسانێکی مەیدانی تێدا بێتو تەنھا خەڵکی خاوەن بڕوانامەی بەرزو ئەکادیمی تێدا نەبێت، ئەو وتی "بۆ نمونە، لیژنە یاساییەکان خەڵکی ئەکادیمی پێویستە، بەڵام بۆ لیژنەی کشتوکاڵو پیشەسازییو شارەوانی پێویستمان بەخەڵکی مەیدانی دەبێت، تا بەمەیدانی بەدوای ئیشەکاندا بچێت".
لەبارەی ئەوەی کەسانێک بڕوانامەیان ھەیە، بەڵام وەک پێویست لەکاری پەرلەمان نازانن، ئەو وتی "ئەوەی کاری پەرلەمانتارییە تەنھا بڕوانامەو دانیشتنەکانی پەرلەمان نییە، بەڵکو مەتبەخی پەرلەمان لیژنەکانی پەرلەمانە، بۆیە تواناو ئەکادیمی پەرلەمانتار زۆر گرنگە بۆ لیژنەکانی پەرلەمان".
وتیشی "من بەئەزمونی کاری پەرلەمانیم کەسانێکم بینیوە لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا ھیچ قسەیەکی نەکردووە، ھەشە زۆرترین قسەی ھەبووە، بەڵام لەناو لیژنەکانی پەرلەماندا کار ناکات کە ئیشە سەرەکیەکەی پەرلەمان لەوێدایە، ئەگەر کار لەناو لیژنەکاندا نەکرێت دانیشتی پەرلەمان دەبێتە گەڕەلاوژێ".
یوسف محەمەد ئەوەشی روونکردەوە کە کاری پەرلەمانتاریی پێویستی بەکەسی دونیادیدەو کەسی شارەزاو خوێندەوارو نەخوێندەواریش ھەیە، ئەو وتی "پێویستمان بەخەڵکێک ھەیە لەپەرلەمان وەک تێکەڵەیەک کارەکانی بکات، ئەگەرنا کاری پەرلەمانتاریی وەک ئەوەی تەنیا کۆبونەوەی ژمارە بێت، پەرلەمانتاریی ھیچ سوودو بەھایەکی نابێت".
ئەوانەی ئەزمونی کاری پەرلەمانتاریشیان هەیە، ئاماژە بەچەند پێوەرێک دەکەن کە پێویستە لەپەرلەمانتاردا بەرجەستە بێت، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارێکی سەرکەوتوو بێت.
عەبدوڵا مەلا نوری، پەرلەمانتاری خولی سێیەم لەفراکسیۆنی گۆران لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات پیشەی پەرلەمانتاریی کۆبونەوەی چەند خەسڵەتێکە لەمرۆڤێکدا، ئەو بەئاوینەی وت "یەکەم خەسڵەت بوونی ئەخلاقە، بەو مانایەی دەبێت پەرلەمانتار ڕاستگۆ بێت لەپیشەکەیدا، وەک چۆن ھەموو پیشەیەک ئیتیکی خۆی ھەیە، ئاواش کاری پەرلەمانتاریی ئیتیکی خۆی ھەیە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت ئەو کەسەی دەبێتە پەرلەمانتار ھەڵقوڵاوی خەڵک بێتو بووبێتە پەرلەمانتار".
وتیشی "پێموایە کوڕی سەرۆک عەشیرەتێک یان کوڕی شێخێک یان کوڕی بەرپرسێک لەبەر باوکی دەبێتە پەرلەمانتار، ئەم کەسانە ناتوانن نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی عەشرەتو شێخو بنەماڵەکانی خۆیان دەکەن، ھەروەھا زۆر گرنگە پەرلەمانتار چۆن بتوانێت توانای ئەوەی ھەبێت کێشەو خواستی خەڵک بکات بەپڕۆژە، کە ئەمەش جۆرێک لەتواناو بەھرەی پێویستەو پەیوەندی بەبڕوانامەی بەرزو بەئەکادیمی بوون نییە، پەرلەمانتاریی جورئەتو دڵسۆزییو ئازایەتی دەوێت".
عەبدوڵا مەلا نوری جەغت لەوە دەکات جورئەتو ئازایەتی لەکاری پەرلەمانتاریدا زۆر گرنگە، ھەروەھا زۆر گرنگە بایەخ بەکاری بەکۆمەڵو تیم بدرێت، ئەو وتی "لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لەھۆڵی پەرلەمانو لەشەقامو لەڕاگەیاندنیشدا ئەرکی خۆت بەرامبەر بەو متمانەیەی خەڵک پێیداویت جێبەجێ بکەیتو چاودێرێکی کارا بیت بەسەر کارەکانی حکومەتەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی".
بەشێک لەپەرلەمانتارانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە مەرج نییە هەموو جۆرە بڕوانامەیەکی بەرز سوودی بۆ کاری پەرلەمانتاریی هەبێت، بەشێک لەو بڕوانامە بەرزانە جگە لە(یاسا)، پەیوەندی راستەوخۆیان بەکاری پەرلەمانتارییەوە نییەو بەئەزمونیش دەرکەوتووە سوودیان نییە بۆ کاری پەرلەمانتاریی، هەر ئەوەیە دەڵێن هەڵگری بڕوانامەی بەرزن.
سۆزان شەھاب، پەرلەمانتارو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەخولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پەرلەمانتاری نوێنەرایەتی گەلە، پسپۆرییو شارەزایی لەکاری پەرلەماندا بۆ ئەوە گرنگە لەلیژنەکاندا بڕوانامەو پسپۆڕییان ھەبێت، ئەو بەئاوێنەی وت "بەڵام بیرمان نەچێت پەرلەمانتاری بەدەر لەبڕوانامە پێویستی بەڕۆشنبیریەکی گشتی ھەیە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە یاساکان دەردەکرێت، لەڕووی ھەستو سۆزەوە بیری لێنەکەیتەوە، لەڕووی بەرژەوەندی گشتیەوە بیری لێبکەیتەوە".
وتیشی "ئەو ساڵانەی من لەپەرلەمان بووم، باشترین خەسڵەتم ئەوە بوو بوێر بووم، ئەمەش بۆ خۆشەویستی ئیشەکەم دەگەڕێتەوە، ھەر کارێک ویستت بیکەیت دەبێت خۆشەویستیت بۆی ھەبێت، کاری پەرلەمانتاریی وەک وەزیفەی گشتی سەیر ناکرێت، بەڵکو کاری پەرلەمانتاریی حەزێکە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە".
لەبارەی ئەوەی پەرلەمانتار مەرجە بڕوانامەی بەرزیان ھەبێتو ئەکادیمی بن یان نا، سۆزان وتی "لەخولەکانی پێش مندا کەسانێک ھەبووە لەشاخ بوونو بڕوانامەی بەرزشیان نەبووە یان ھەبووە خوێندەواری نەبووە، بەڵام پەرلەمانتاری چالاک بوونو رۆڵیان هەبووە، مەرج نیە ھەموو خاوەن بڕوانامەیەک رۆشنبیرو بەئاگا بێت لەپێویستییەکانی کۆمەڵگە، خەڵکمان ھەبوو لەسەندیکای کرێکارانەوە ھاتبوو زۆر لەخاوەن بڕوانامەکە باشتر لەخەمی خەڵک دەگەیشت".
وتیشی "بەبڕوای من مەرج نیە ھەموو کەسێک دەبێت بڕوانامەی بەرزی ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە پەرلەمانو کاری پەرلەمانتاریی بکات، بەبڕوایی من ئەو کەسە دەبێت ھەڵقوڵای ئەو چینو توێژەبێت کە لەپەرلەمان نوێنەرایەتیان دەکات".
بەشێکی دیکە لەپەرلەمانتارانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پێیانوایە بڕوانامە لەپەرلەماندا ھەموشتێکی پێناکرێتو ھەموو شتێک نیە، لەماوەکانی پێشووشدا پەرلەمانتار ھەبووە ناشارەزاو کەم ئەزموون بووە بەمەرجێک بڕوانامەی بەرزیشی ھەبووە.
ئەبوبەکر ھەڵەدنی، پەرلەمانتاری خولی چوارەمو پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە پەرلەمانتاری بەتواناو کاریگەر ئەوەیە خاوەن بڕیاری کاریگەر بێتو بتوانن بەدواداچونو بەرگری لەمافەکانی خەڵک بکەنو ئەزمون زۆر گرنگە بۆ کاری پەرلەمان، ئەو بەئاوێنەی وت "لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە پەرلەمانتار بەھەوڵی خۆی چووبێتە پەرلەمان، تا کارەکانی بەباشی بکاتو چاوبەرەوژێری ھیچ کەسو بەرپرسێک نەبێتو ئازاد بێت لەکارەکانیدا، ھەروەھا دەبێت ئەو ماوەیەی لەپەرلەماندایە تێکەڵی خەڵکی بکاتو بزانێت داخوازیەکانی خەڵکی چییە، ئەوکات دوای ئەو مەرجانە بڕوانامە پێویستەو گرنگە".
وتیشی "بڕوانامە لەپەرلەماندا ھەموو شتێکی پێناکرێتو ھەموو شتێک نیە".
هەروەها عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم لەفراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لەھەرە خاڵە گرنگەکانی پەرلەمانتاریی ئەوەیە پەرلەمانتار پابەند بێت بەکاتو بەکاری پەرلەمانتاریەکەییەوە، ئەو بەئاوینەی وت "لەخولەکانی پێشوودا نەک لەناو دەسەڵاتدا، لەناو ئۆپۆزیسیۆنیشدا پەرلەمانتار ھەبووە، ناشارەزاو کەم ئەزموون بووە بەمەرجێک بڕوانامەی بەرزیشی هەبووە".
هاوکات ئاری ھەرسین، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی، لەبارەی کاری پەرلەمانتارییەوە بەئاوێنەی وت "کاری پەرلەمانتاریی واتە کاری سیاسی، کاری سیاسی ئەزموونی دەوێت نەک بەتەنها بڕوانامە، کەسێکی دەوێت لێکدانەوەی وردی ھەبێتو شیکارێکی باش بێت بەردەوام بەدواداچوون بکات تا بزانێت چی دەگوزەرێت لەوڵاتانی دەرەوەو کۆمەڵگاکەی خۆی، بزانێت کەموکوڕیەکان لەکوێدان، ھەروەھا دەبێت چاودێر بێت بەسەر حکومەتەوە. ئەمانەشی باسمکرد ھیچی پەیوەندی بەبڕوانامەوە نیە".
بەپێی ئامارێک کە دامەزراوەی پەی بڵاویکردوەتەوە لەخولی یەکەمی پەرلەماندا ١٢ پەرلەمانتار هەلگری بڕوانامەی دکتۆراو یەک پەرلەمانتار ماستەرو، ٥٢ بەکالۆریۆسو ١١ دبلۆم، ١٣ ئامادەیی، ٩ ناوەندی، ٢ سەرەتایی ھەبووە، لەگەڵ ٥ خوێندنی ئایینی.
خولی دووەمی پەرلەمان، ٨ دکتۆراو ٧ ماستەرو ٥٦ بەکالۆریۆس، ١٧ دبلۆم، ١٢ ئامادەیی، ٧ ناوەندی، ٣ سەرەتایی، یەک خوێندنی ئاینی ھەبووە
.خولی سێیەمی پەرلەمان، ١٥ دکتۆراو ١٤ ماستەر، ٥٢ بەکالۆریس، ١٣ دبلۆم، ١١ ئامادەیی، ٦ ناوەندی بووە.
خولی چوارەمی پەرلەمان، ٢٠ دکتۆرا، ١٣ ماستەر، ٥٤ بەکالۆریۆس، ١٠ دبلۆم، ٨ ئامادەیی، ٥ ناوەندی، ١ یەک سەرەتایی بووە.
لەخولی پێنجەمی پەرلەماندا، ٩ دکتۆرا، ١٦ ماستەر، ٦١ بەکالۆریۆس، ٩ دبلۆم، یەک دبلۆمی باڵاو ٧ ئامادەیی، ٦ ناوەندیو دوو سەرەتایی.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.