ئا: بارام سوبحی
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه پێشبینی ده‌كات، توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكا له‌سعودییه زیاتر بێت، به‌بڕوای چه‌ند توێژه‌رێكیش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێویستی به‌نه‌وتی ناوچه‌كه نابێت، بونی سیاسی‌و سه‌ربازی به‌رچاوی له‌خۆرهه‌ڵاتی نزیك‌و ناوه‌ڕاست زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه.
كتێبی نهوتو گازی شیلی ئهمهریكاو ئاكامه جیۆپۆلۆتیكهكانی، له‌نوسینی به‌هزاد ئه‌حمه‌دی لفوركیو مه‌سعود دره‌خشانه، ئه‌رسه‌لان حه‌سه‌ن كردویه‌تی بهكوردیو ده‌زگای ئایدیا له‌دوتوێی سه‌د لاپه‌ڕه‌دا چاپ‌و بڵاویكردۆته‌وه. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه ته‌رخانكراوه: گاز‌و نه‌وتی شیل چییه؟ گیروگرفته‌كانی ئه‌مریكا بۆ ده‌رهێنانیان چییه؟ ئاكامه ئابوری‌و جیۆپۆله‌تیكه‌كانی چین‌و چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئێران‌و خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو ئۆپیك ده‌بێت؟
نوسه‌رانی كتێبه‌كه هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته ده‌گێڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا باسی گازی شیل (Shale Gas)و نه‌وتی كهڵهكهبو، یان نه‌وتی شیل له‌و بابه‌تانه‌یه كه شێوازی گه‌مه‌ی وزه‌ی له‌دنیادا گۆڕیوه، چونكه "به‌پێی ئاماری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه، پێشبینی ده‌كرێت توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكا له‌سعودییه زیاتر بێت".
گازی شیل چییه؟
له‌پێناسه‌ی گازی شیلدا ده‌ڵێن: گازێكی پهنگخواردوه له‌ناو به‌رده نیشتوه‌كانی چاڵه كۆنه‌كاندا، ده‌رهێنانی له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی ناسراو به(شكاندنی هایدرۆلیك) ده‌بێت، بریتییه له‌تێكه‌ڵكردنی ئاوێكی زۆری پڕ له‌ماده‌ی كیمیاوی له‌ناو پێكهاته‌كانی گازی چاڵه كۆنه‌كان بهگوشاركردن له‌سه‌ره‌وه. به‌وته‌ی ره‌خنه‌گرانی ژینگه‌و جیۆفیزیك، ئه‌و كاره مه‌ترسی ئالوده‌بونی ئاوه‌كانی ژێرزهویو سه‌رهه‌ڵدانی بومه‌له‌رزه‌ی ده‌بێت.
له‌ئێستادا ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین وڵاتی خاوه‌ن پاشه‌كه‌وتی گازی شیله له‌دنیادا، چونكه به‌ته‌نها خاوه‌نی (32%) پاشه‌كه‌وتی جیهانییه. یه‌كه‌م یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی شیل له‌ساڵی (1821) له‌نیویۆرك خراوه‌ته‌گه‌ڕ، به‌ڵام سودوه‌رگرتنی به‌رچاوو ئابوری له‌و سه‌رچاوه گه‌وره‌یه، له‌ساڵی (1990) بوه، له‌ساڵی (2003) لهبارنێت شیل سنوری دو ملیار یه‌كه‌ی چوارگۆشه له‌ڕۆژێكدا گازی شیل ده‌رهێنرا، ئه‌و ژماره‌یه دوای ساڵی (2005) به‌پێنج ملیار یه‌كه‌ی چوارگۆشه له‌ڕۆژێكدا گه‌یشت.
به‌گوێره‌ی مۆدیلی جیهانی گازی زانكۆی رایس، له‌ساڵی (2009) به‌رهه‌مهێنانی گازی شیلی ئه‌مه‌ریكا (64) ملیار مه‌تر سێجا بوه، له‌ساڵی (2030) ده‌گاته سنوری (330) ملیار مه‌تر سێجا، به‌و شێوه‌یه گه‌وره‌ترین به‌كارهێنه‌ری وزه‌ی جیهان ده‌توانێت زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی خۆی له‌و رێگه‌یه‌وه دابین بكات.
گرفتی نهوتو گازی ئه‌مه‌ریكا چییه؟
به‌بۆچونی ئه‌و توێژه‌رانه، نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهاتو له‌پاشه‌كه‌وتی شیل ئۆیڵی ئه‌مه‌ریكا، له‌جۆری زۆر سوكه كه بۆ سیستمی پاڵاوتهییهكانی ئه‌مه‌ریكا گونجاو نییه، پێویسته جۆری نه‌وتی ترش‌و قورسی بۆ زیاد بكرێت. به‌مه‌ش پێناچێت له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی گاز‌و نه‌وتی شیل، بازاڕی جۆره‌كانی نه‌وتی خاو زه‌ره‌رمه‌ندبێت.
توێژه‌ره‌كان رایده‌گه‌یه‌نن وابه‌سته‌یی ئه‌مه‌ریكا به‌نه‌وتی هاورده له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌خێرایی كه‌م بۆته‌وه، ئه‌وه‌ش زۆربونی خێرای به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ‌و دابه‌زینی خه‌رجی ناوخۆ له‌لایه‌كی دیكه. به‌جۆرێك له‌ساڵی (2012) راده‌ی به‌رهه‌مهێنان (%30) له‌ساڵی (2004) زیاتر بوه. داواكاری ناوخۆ له(2005) بۆ ئێستا تا (17%) كه‌م بۆته‌وه. ناوه‌ندی هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌مه‌ریكا له‌ساڵی (2013) گه‌یشتوه به(8.7%) ملیۆن به‌رمیل له‌ڕۆژێكدا، له‌كاتێكدا له‌ساڵی (2005) ئه‌و رێژه‌یه (60%) بو. تێكڕای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی شیل له‌ساڵی (2010) له‌ڕۆژێكدا (370) هه‌زار به‌رمیل بوه، به‌ڵام به‌رهه‌مهێنانی تێكڕای نه‌وتی شیل له‌ساڵی (2016) له‌ڕۆژێكدا (36.1) ملیۆن به‌رمیل بوه. له‌بواری گازیش گۆڕانه‌كه به‌م جۆره بوه: راده‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ساڵی (2005) هه‌ژده ترلیۆن یه‌كه‌ی چوارگۆشه بو، له‌ساڵی (2012) گه‌یشته (24) تۆلیۆن یه‌كه‌ی چوارگۆشه.
سه‌رۆكه‌كانی ئهمریكاو سه‌ربه‌خۆیی وزه
بیرۆكه‌ی گه‌یشتن به‌سه‌ربه‌خۆیی وزه له‌ئه‌مه‌ریكا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (1973)، كاتێك ریچارد نیكسۆن سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا له‌كاردانه‌وه‌ی شۆكی نه‌وتی عه‌ره‌به‌كان، پێشنیاری "پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی" خسته‌ڕو، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌كۆتایی حه‌فتاكاندا بگاته قۆناغی سه‌رخۆیی وزه، به‌ڵام "ئه‌و پێشنیاره له‌كاتی بڕیاردراو نه‌هاته‌دی، بۆیه سه‌رۆك كۆماره‌كانی داهاتو هه‌مویان به‌جۆرێك هه‌وڵیاندا تا ئه‌و ئاره‌زوه بخه‌مڵێنن".
جۆرج بۆشی كوڕ یاسای سیاسه‌تی وزه‌ی له‌ساڵی (2005)و پاشان یاسای سه‌ربه‌خۆیی وزه‌و ئاسایشی له‌ساڵی (2007) پێشنیاز كرد. ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانی ناوبراو ئه‌وه بو ئه‌مه‌ریكا شۆكی نه‌وتی ساڵی (2005) ئه‌زمون نه‌كرد. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو به‌پێی به‌راورده‌كانی زۆرینه‌ی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه كاراكان له‌بواری وزه له‌دنیادا، له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتودا، گه‌وره‌ترین هاورده‌كارانی نه‌وت له‌جیهان بۆ یه‌كێ له‌گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كارانی نه‌وت ده‌گۆڕێن.
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه له(14/5/2013) راپۆرتێكی بڵاوكردهوهو رایگه‌یاند بهشۆڕشێك كه ده‌رهێنانی نه‌وتی له‌ناو چینه به‌رده پته‌وه‌كاندا دۆزیوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكای باكور ده‌بێته پێشه‌نگی گۆڕانێك كه شه‌پۆله‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهان داده‌گرێت.
له‌ئێستاشدا ده‌یڤد گۆڵدوین به‌مێشكی بیركه‌ره‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی بواری وزه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان له‌پانتایی نێوده‌وڵه‌تیدا داده‌نرێت، ئه‌و راوێژكاری باڵای هیلاری كلینتۆن بوه له‌وه‌زاره‌تی كاروباری ده‌ره‌وه، له‌پایزی ساڵی (2009) په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌تی ئۆباماوه كردوه. ئامانجیشی "گه‌شه‌ی دیبلۆماسی وزه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانه وه‌كو كاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا".
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گاز‌و نه‌وتی شیلی ئه‌مه‌ریكی
گاز‌و نه‌وتی شیلی ئه‌مه‌ریكی به‌چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك جیاده‌كرێنه‌وه، له‌وانه: تێچونه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ئه‌مه‌ریكا زیاتر لهسودهوه نزیكه، هه‌روه‌ها ته‌نها ئه‌مه‌ریكایه كه به‌رهه‌مهێنانی نهوتو گازی شیل به‌شێوازی بازرگانی ئه‌نجامداوه، شوێنه‌كانی دیكه‌ی دنیا وه‌ك: چین، ئه‌رجه‌نتین، ئه‌فریقیای باشور‌و چه‌ند به‌شێك له‌ئه‌وروپا وه‌ك پۆڵه‌ندا، نهرویجو فه‌ره‌نسا، هه‌رچه‌نده سه‌رچاوه‌ی گازی شیلیان هه‌یه، نه‌یانتوانیوه به‌شێوه‌ی بازرگانی له‌سه‌رچاوه‌كانی خۆیان كه‌ڵك وه‌ربگرن.
توێژه‌ره‌كان ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كان بۆ به‌رهه‌مهێنانی گازی شیل له‌باربێت، تاساڵی (2030) به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و گازه ده‌توانێت یه‌ك له‌سه‌ر سێی خستنه‌ڕوی وزه‌ی جیهان دابین بكات، پێشی نه‌وتی خاو بگرێت كه له‌پله‌ی یه‌كه‌می وزه‌ی دنیادایه. بۆیه توێژه‌رانی بازاڕ ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا تاماوه‌یه‌كی دیكه لههاوردهكارێكهوه ده‌بێته هه‌نارده‌كارێكی گه‌وره، هه‌روه‌ها هه‌مو پێشبینییه‌كانی پێشتر له‌بازاڕی گاز ده‌خاته ژێر كاریگه‌رییه‌وه.
كاریگه‌رییه‌كانی نهوتو گازی ئه‌مه‌ریكا
به‌پێی پێشبینییه‌كان له(2025) ئه‌مه‌ریكای باكور بۆ هه‌نارده‌كه‌ری وزه ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ریكا جێگه‌ی روسیا وه‌ك باشترین ههنارهكاری گاز‌و سعودییه وه‌ك باشترین هه‌نارده‌كاری نه‌وت ده‌گرێته‌وه. ئه‌و توێژه‌رانه پێشبینی ده‌كه‌ن، ئه‌و دۆخه ببێته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی توانای ركابه‌ری به‌رهه‌مه ئه‌وروپییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكادا، به‌هۆی وزه‌ی هه‌رزانتری به‌رده‌ستی كارگه پیشه‌سازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
كاریگه‌رییه‌كی دیكه‌ی ئه‌و دۆخه نرخی گازی هه‌نارده‌ی وڵاتانی دیكه، له‌وانه روسیا دادهبهزێنێتو توانای چهنهلێدانی ئه‌وروپا زیاتر ده‌كات. له‌كاتی هاتنه‌دی ئه‌و ئاڵوگۆڕه جیۆپۆلهتیكیه، ئه‌وروپا تاسنورێك دهگۆڕێتو گاز له‌جیاتی ئامڕازی سیاسی بۆ ئامڕازی ئابوری روسیا ده‌گۆڕێت. له‌و دۆخه‌دا له‌ڕوانگه‌ی شاره‌زایانی خۆرئاواوه، وڵاتانی خۆرههڵاتو ناوه‌ندی ئه‌وروپا ده‌رفه‌تی زیاتریان بۆ گه‌یشتن به‌سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه ده‌دۆزنه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه، پۆڵه‌ندا بۆ خۆی سه‌رچاوه‌ی زۆر‌و زه‌وه‌ندی نهوتو گازی شیلی هه‌یه‌و ده‌توانێت هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵات له‌ناوه‌ندی ئه‌وروپا له‌ده‌ستی ئه‌ڵمانیاو روسیا ده‌ربێنێت.
سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی چین، ده‌ڵێن: چین ده‌توانێت بهكهڵكوهرگرتن له‌سه‌رچاوه‌كانی نهوتو گازی شیلی خۆی، تاسنورێك له‌وابه‌سته‌یی به‌هاورده‌ی وزه‌و هه‌روه‌ها خه‌رجی خه‌ڵوزی به‌ردین كه‌م بكاته‌وه. له‌باره‌ی كهنهداشهوه ده‌ڵێن: كه‌نه‌دا له‌به‌ر سه‌رچاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی نهوتو گازی شیل، كاریگه‌ری جیۆپۆله‌تیكی زیاتر دهبێتو له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی دامه‌زراوه‌كان له‌ناوچه‌ی ئۆقیانوسی ئارام، به‌كرده‌وه بازاڕی ئاسیا ده‌خاته ژێر كاریگه‌رییه‌وه.
ئهمهریكاو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
له‌باره‌ی ئاكامه‌كانی گاز‌و نه‌وتی شیلی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوین بهگشتیو كه‌نداوی فارس به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی، بۆچونی ئه‌و توێژه‌رانه به‌م جۆره‌یه: دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێویستی به‌نه‌وتی ناوچه‌كه نابێت، بونی سیاسی‌و سه‌ربازی به‌رچاوی له‌خۆرهه‌ڵاتی نزیك‌و ناوه‌ڕاست زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه. له‌بارودۆخی وابهستهنهبونی ئه‌مه‌ریكا به‌هاورده‌ی نه‌وت، گه‌روی هورمز گرنگی خۆی لانیكه‌م بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌ستده‌دات، سه‌ره‌نجام كه‌م مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو زۆر كاڵبونه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كه ده‌بینین.
پاشان ئاماژه به‌دژه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچونه دهدهنو ده‌ڵێن: به‌گشتی گرنگیه‌تی نه‌وتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئابوری‌و سیاسه‌تی جیهانی بوه، كه له‌پێناسه‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی هاوكاری ئه‌مه‌ریكای كردوه تاخودی نه‌وت. بۆیه پاشتریش گرنگی خۆی دهپارێزێتو له‌ساڵانی داهاتودا، هاوكاری پاراستنی گرنگیه‌تی ستراتیژی كه‌نداوی فارس ده‌كات.
ئه‌و توێژه‌رانه گرنگی ئیسرائیل بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌یاد ناكهنو ده‌نوسن: له‌په‌یوه‌ندی ئاكامه‌كانی نهوتو گازی شیل بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه پێویسته كه ته‌نیا مه‌سه‌له ئابورییه‌كان ئاراسته سیاسییه‌كان دیاری ناكه‌ن، نابێت له‌ئاكامه‌كانی ستراتیژی شۆڕشی نهوتو گازی شیل زێده‌ڕۆیی بكرێت. به‌ڵێنی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌ی كه‌نداوی فارس ته‌نیا له‌به‌ر خاتری پێویستییه‌كانی وزه نییه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی وه‌ك ئاسایشی ئیسرائیلیش جێی باسه.
چاره‌نوسی كۆمپانیاكانی نه‌وت
ئه‌و توێژه‌رانه ئاشكرای ده‌كه‌ن، له‌ئێستادا كۆمپانیاكانی ئێكسۆن مۆبیلو شێڵ له‌ئه‌وروپا توێژینه‌وه‌ی زۆریان بۆ ده‌ستگه‌یشتن به‌گازی شیل ده‌ستپێكردوه. بۆیه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن قۆناغی زێڕینی بونی كارا‌و رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وتی ده‌ره‌كی له‌وڵاتانی گه‌وره‌ی هه‌نارده‌كاری نه‌وت كۆتایهاتوه، سودوهگرتن له‌كۆمپانیای نه‌وتی ده‌ره‌كی بۆ دابینكردنی ئاسایشی خستنه‌ڕوی نه‌وتی خاو بۆ وڵاتانی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی كه هاورده‌كارانی سه‌ره‌كی نه‌وتی خاون، كارایی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی له‌ده‌ستداوه.