فەڕەنسا دەستی بەسەر کەشتییەکی تورکیدا گرت کە نۆ تۆن ماددەی هۆشبەری هەڵگرتبوو
  2025-01-28       793       

ماڵپەڕی گازێتە دوڤار بڵاوی کردووەتەوە، هێزە دەریاییەکانی فەڕەنسا لە سنووری ئاوییەکانی ئەمریکای باشوور دەستیان بەسەر کەشتییەکی تورکیدا گرتووە كە بڕی نۆ تۆن کۆکاینیان لە کەشتییەکەدا دۆزیوەتەوە.

ئاوێنە: ماڵپەڕی گازێتە دوڤار، لە بارەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی تورکی لەلایەن هێزە دەەریاییەکانی فەڕەنسا کە ماددەی هۆشبەری تێدابووە زانیاری ئاشکرا کردووە، ئەو کەشتییەی دەستی بەسەردا گیراوە بڕی نۆ تۆن ماددەی هۆشبەر لە جۆری کۆکاینی تێدا دۆزراوەتەوە کە بەهاكەی بە بڕی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کەشتییەکە ناوی خەلیج-ئیکوالێتییە و خاوەنەکەی تورکە.

ئاماژەی بەوەشداوە، کەشتییەکە لە نزیکی دوورگەی مارتینیک لە سنوورە ئاوییەکانی ئەمریکای باشوور دەستی بەسەردا گیراوە.

ماڵپەرەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەشتییەکە لە ١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ئەستەنبوڵەوە بەڕێکەوتووە و لە ١٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە وڵاتی گینێ بیساو لە ئەفریقا لەنگەری گرتووە و پاشان بەرەو دوورگەی مارتینیک بەڕێکەوتووە.

دوورگەی مارتینیک لە ژێر کۆنتڕۆڵی فەڕەنسادایە و دەکەوێتە نزیکی کۆڵۆمبیا و فەنزوێلا لە کیشوەری ئەمریکای باشوور.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×