سەعدی پیرە: خوا دەست بەعومری نەوەی نوێوە بگرێت، زۆر سەغین، منەتمان پێیە
  2025-01-28       1768       

وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لە وادەكەی گرنگتر باشی كابینەكە و بەرنامەكەیەتی، سەبارەت بەئامادەبوونی نەوەی نوێ بۆ پێشكەشكردنی ١٥ كورسییەكەیان بۆ هەر لایەنێك ئەو دەشڵێت "خوا دەست بەعومری نەوەی نوێوە بگرێت، زۆر سەغین، منەتمان پێیە".

ئاوێنە: سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی "كۆبونەوەكانی لیژنەی تەكنیكیی یەكێتی و پارتی بۆ دیاریكردنی بەرپرسیارێتی و، دیاریكردنی پێكەوە كاركردنی هەردوو حزبە".

وتیشی "سبەی یان دوو سبەی تیمی تەكنیكی پارتی و یەكێتیی كۆدەبنەوە، هیوادارین ئەمە دواین كۆبوونەوەی تیمی تەكنیكی بێت بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی ئەو بابەتە".

پیرە ئاماژەی بە ئەوە دەکات، کە دوای یەكلابوونەوەی رەشنووسەكە، دەخرێتە بەردەم وەفدی دانوستانكاری هەردوو لایەن.

رۆژنامەنوسان لەبارەی ئامادەبوونی نەوەی نوێ بۆ پێشكەشكردنی ١٥ كورسییەكەیان بۆ هەر لایەنێك كە بیەوێت حكومەت پێبكهێنێت لە وتەبێژی یەكێتی دەپرسن و ناوبراو دەڵێت "یەكەمجارە گوێم لەو سەخاوەتە دەبێت، خوا دەست بە عەمریانەوە بگرێت زۆر سەغین و، منەتمان پێیە".

پەیوەست بە وادەی پێكهێنانی حكومەتی نوێش سەعدی پیرە ئاشکراشیکرد "لەوادەكەی گرنگتر پێكهێنانی حكومەتێكی باش و بەرنامەیەكی باشە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك گلەیی نەبێت".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×