محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبوەوە. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەخت دەكەنەوە كە لە كۆبونەوەكەدا هاوڕایی هەبوە لەسەر تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
ئاوێنە: دوای كۆتاییهاتنی کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سودانی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای حزبەكەی وت، سەرۆک وەزیران داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کردوە دەنگ لەسەر ئەو هەموارە بدەن کە ئێستا لە پەرلەمانە و تەنیا دەنگدانی ماوە تاوەکو هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەری بەوەش کرد، لە کۆبونەوەکە لێکتێگەشتنێکی گشتی پەسەند کراوە بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە دوبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ڤیان سەبری وتیشی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ ئەندامانی پەرلەمانی ڕونکردوەتەوە کە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت زیانی ئابوری زۆری هەبوە و پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەماهەنگ بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیەی لە حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان .
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەپێی ئەو لێکتێگەشتنەی لەنیوان فراکسیۆنە کوردی و سوننی و شیعییەکان هەبو نزیکەی 200 پەرلەمانتار لەگەڵ دوبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتن و چاوەرێ دەکرێت ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو دەنگدان لەسەر هەموارەکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.
لای خۆیشیەوە هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەكەی وت، "لە کۆبوەنەوەکەدا سودانی باسی گرنگیی تێپەڕاندنی بڕگەی 12ـی کردوە کە تایبەتە بە دەرهێنان و خەرجیی نەوتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستە داوای کردوە، سەرجەم فراکسیۆنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیە تاوەکو دەستبکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
وتیشی، لەبەرامبەردا سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکان پاڵپشتیی داواکەی سودانییان کردوە و پشتگیریی دەنگدانیان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە کردوە.