شەوە سپییەکان یاخود ڕۆژە ڕەشەکان..!
  2025-01-29       165       

ھێمن مەحموود

 

مرۆڤ کاتێک کتێبی یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەخوێنێتەوە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت خەونی دروستکردنی دەوڵەت چەندە کاریگەرە و چۆن ھەر لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر جوویەکدا بەو خەیاڵ و خەونە پەروەردەکراوە کە دەبێت لە ھەر کوێی دونیا بێت بگەڕێتەوە بۆ فەڵەستین، ئەو خاکەی کە جوو بە خاکی دێرینی خۆیانی دەزانن و بەلاشیانەوە زۆر ئاساییە ملیۆنان فەڵەستینی نیشتەجێی ئەو خاکە بکوژن یاخود ئاوارە بکەن.

 

کتێبی سەرکردەکانی بزووتنەوەی زایۆنی جیھانی جیاوازترە لە کتێبی نووسەرێکی ئاسایی، ئەوان نایشارنەوە چییانکردووە لە پێناوی بیروباوەڕەکەیاندا تەنانەت شانازیش بە قوربانیدانەوە دەکەن لە پێناویدا و پێیانخۆشە سەر مەشقی بیروباوەڕەکانیان بن، ئەوان دروستکردنی نیشتمانێک، دەوڵەتێک بۆ جوو ئامانجی یەکەم و کۆتاییان بووە.

(مێناحێم بێگن) یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی زایۆنی کە کار بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات و دواتریش دەبێتە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.

بێگن کە ساڵانێک دواتر دوای ئازادبوونی لە زیندانەکانی ڕووسیا و گەیشتنی بە فەڵەستین، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەمەزرێنێت و دەکەوێتە قەتڵوعامکردنی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی فەڵەستین و لە یەکێک لە قەسابخانەکانیدا زیاتر لە ٣٠٠ ھاووڵاتی دەکوژێت، بە ھەزاران کەس لە خاکی خۆیان دەردەکات و جووی تێدا نیشتەجێ دەکات.

ئەم دەوڵەتی ئیسرائیلەی ئێستا ھەیە بەرھەمی بێگن و دەیانی وەکوو ئەوە، جا لە شتە سەیروسەمەرەکانی ڕۆژگار ھەر ئەم بێگنە کە بکوژی سەدان کەسە دواجار لە ساڵی ١٩٧٨ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ دەدرێت.

کتێبی (شەوە سپییەکان)ی مێناحێم بێگن چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەم سەرکردەی ئیسرائیلە کە پێش جەنگی جیھانی دووەم لە پۆڵەندا سەرۆکی ڕێکخراوێکی زایۆنی بووە و ئیشی بۆ ناردنی جووەکان بۆ فەڵەستین کردووە، دواتر لەلایەن ڕووسیاوە دەستگیردەکرێت و ڕەوانەی زیندانەکانی سیبیریا دەکرێت.

لەم کتێبەدا چۆنیەتی کارکردنی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان و خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجە خراوەتە ڕوو، ئینجا شێوازەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئەمنی سۆڤیەت و سزادان و ئەشکەنجەدان، دۆخی زیندانەکان و سەختی و قورسی ژیانکردن لەو زیندانانەدا باسکراوە، دەیان چیرۆکی جیاواز جیاوازی زیندانی، دۆخی ژیانی سۆڤییەتییەکان بەگشتی.

ئەم کابرایە کە دواتر بەبڕیارێکی ستالین ھەرچی پۆڵۆنییە لە زیندانەکانی ڕووسیا ئازاد دەکرێن و ئەمیشی بەردەکەوێت، لە خەونەکەی خۆی واز ناھێنێت و خۆی دەگەیەنێتە فەڵەستین و لەسەروبەندەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لەوێ دەبێت.

بێگن لەم کتێبەدا ڕەخنەیەکی زۆر لە شێوازی ژیانی ڕووسییەکان و سۆڤییەتیەکان بەگشتی دەگرێت و سیستەمی سیاسی و ئیداری و ئابوورییان بەر ڕەخنە دەدات.

وەک ئەوەی ئەو قسەیە لە بێگندا بەدی ھاتبێت سەرەڕای ئەوەی خودی خۆی دەیان جۆر ئەشکەنجە و سەختی دەبینێت لە زیندانەکانیت ڕووسیا و لەوێ قوربانییە، کەچی کە دەگاتە فەڵەستین دەبێتە جەللاد و بە ئاسانی ئەوەی لە ڕووسیا پێی کراوە زۆر خراپتر لەسەر فەڵەستینییەکاندا تاقیدەکاتەوە.

بە کورتییەکەی کتێبەکە چیرۆکی کەسێکە کە سیاسییە و خەونێکی سیاسی بۆ تایفەکەی خۆی ھەیە، لەسەر ئەوەش زیندانی دەکرێت و سەختی زۆر دەبینێت بەدەستی جەللادەکان، کەچی ھەر ئەم قوربانییە ساڵانێک دواتر کە دەبێتە جەللاد ھەمان سزا و سەختی بەسەر ئەوانەدا دەھێنێت کە جیاوازن لە خۆی، بە جۆرێک ئەوێک کە شەوە سپییەکانی دیبوو، دواتر ڕۆژەکانی فەڵەستینییەکانی ڕەشترکرد.

ڕەنگە تاکە سوودێک ئێمەی کورد لەم کتێبانەی ببینین ئەوە بێت بزانین سەرە زلەکانی جوو چۆن دەوڵەتیان دروست کردووە و چۆن خەونەکانیان کردووەتە واقیع، نەک وەک ئەوانەی لای خۆمان لە دەوڵەتێکی ڕانەگەینراوەوە کە ھەمانبوو ھاتووینەتە سەر چاوەڕێکردنی دەستی وەزیرێک لەو بەغدایەی بە دەستی کورد دروست کرایەوە!.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×