پەرلەمانی عێراق یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كرد و وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش نەخشەی پارێزگاكەی وەك 19یەمین پارێزگای عێراق پەسەندكردوە.
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەمان ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرد .
هەر ئەمڕۆ كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی نەخشەیەک کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق پەسەندی کردوە، سنوری پارێزگای هەڵەبجەی وەک (19)یەمین پارێزگای عێراق کە رۆژی 14/4/2025 پەرلەمانی عێراق یاساکەی پەسەندکرد، دیاری کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی، بەپێی نەخشەکە سنوری پارێزگاکە ناحیەکانی سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ دەگرێتەوەو قەزای هەڵەبجەش ناوەندی پارێزگاکەیە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، سنوری دەرەوەی پارێزگاکە هەمو بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیەو لەناوخۆش هاوسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و دیالەیە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەخشتەکەدا هێشتا خورماڵ وەک ناحیە ناوی هاتوە هەرچەندە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کراوە بە قەزا.
وتوشیەتی، نەخشەکە لەلایەن وەزیری پلاندانانی عێراق د. محەمەد تەمیم و بەرێوەبەرایەتی و بەشە پەیوەندارەکانی وەزارەتەکەوە ئیمزا کراوە.