بەشێکی بەرچاو لەمنداڵانی ھەرێمی کوردستان لەتەمەنی ٩ ساڵ تا ١٤ ساڵ دووچاری توندوتیژی خێزانیو کۆمەڵگە بوونەتەوە لەهەردوو رەگەزی نێرو مێ
ئا: هێڤی ئاوات
پاراستنی مناڵ لەدەستدرێژیی سێکسی، خەمی سەرەکی هەموو دایکو باوکو خێزانێکە، بەڵام زۆرجار دەستدرێژیکار ئەو کەسەیە کە دایکو باوکەکان متمانەیان پێیەتی، دەرونناسێک دەڵێت "هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لەڕەفتاری منداڵێکی کەم تەمەندا ڕەنگە یەکەم نیشانەی سووکایەتیێکردن بێت".
شەرمن عەلی، کە توێژەری کۆمەڵایەتییە، باس لەوە دەکات زۆربەی منداڵان ئەم ئامۆژگارییەیان لەکاتی منداڵیدا لەدایکو باوکیان بیستووە کە "کەسێک نەیناسن بەشتێک هەڵتانخەڵەتێننو دوایان بکەون"، ئەو بەئاوینەی وت "ئەم ئامۆژگارییە وادەکات ئێمە ئاگامان لەخۆمان بێت بەرامبەر بەخەڵکی نامۆ، بەڵام زۆرجار دایکو باوک درک بەوە ناکەن ئەم دەستدرێژیکارە نەک تەنها کەسێکی نامۆو دەرەکی نییە، بەڵکو زۆرجار رێی تیدەچێت کەسێک بێت کە خێزانەکە متمانەیان پێیەتی".
وتیشی "مەترسییەکە ئەوەیە متمانەی زۆری دایکو باوک بەکەسە نزیکەکانیان، وادەکات منداڵ کە نهێنی بۆ خیزانەکەی نەدرکێنێت، منداڵان بێدەنگییان پێباشترە لەوەی باسی ئەو دەستدرێژکارە بکەن کە جێی متمانەی دایکو باوکیانە".
چیرۆکی لیرە
"تەمەنم نزیکەی یانزە ساڵ بوو کاتێک دایکو باوکم لەپشووی هاویندا بۆ ماوەی دوو هەفتە منیان نارد بۆ لای نەنکو باپیرم کە لەشارۆچەکەیەک دەژیان، خزمیکی نزیکمان دراوسێیان بوو، دوو منداڵی هاوتەمەنی منی هەبوو، زۆر لەگەڵ ماڵی باپیرم تێکەڵ بوو، تەمەنی ٤٠ ساڵ دەبوو. دوو ڕۆژم بەشێوەیەکی ئاسایی تێپەڕیو هیچ ڕووی نەدا. پاشان گێچەڵ پێکردن دەستیپێکرد. رۆژێکیان باپیرو داپیرەم چوونە دەرەوەو خۆم لەماڵەوە بووم. خۆی کرد بەماڵەوەداو بەبیانووی ئەوەی نازم پێدەدا، کەوتە ماچ کردنمو دەست بردن بۆ لەشمو زۆر ترسام، من نەمدەزانی چی بکەم، نەمدەزانی چی بڵێم؟! تەمەنم یانزە ساڵ بوو، منداڵ بووم، لەشوێنێکی دوور لەخێزانەکەم بووم، پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، بەخۆ تێهەڵسووینم ئارەزووی خۆی تێر دەکرد. ئێستاش کە تەمەنم ٣٥ ساڵە، بیری لێدەکەمەوە، خەم دامدەگرێو هێڵنجم دێت".
چیرۆکی تاڤان
"لەپۆلی چواری سەرەتایی بووم، خزمێکی نزیکمان کە هاوڕێی باوکم بوو، مارکێتی هەبوو لەگەڕەکەکەماندا، رۆژێک باوکم ناردمی جگەرەی بۆ بهێنم، ئەو خزمەمان دەستی گرتموو خستیمە سەر کۆشیو پرسیاری لەبارەی پەیوەندی دایکو باوکم لێکردم، لێی دەپرسیم: تۆش حەزت لێیە؟ زۆر ترسام، خێرا خۆم لەدەستی راپسکاندو ڕامکردو خۆم ڕزگارم کرد. دوای ئەو ڕۆژە هەر کاتێک بهاتەیە بۆ ماڵیشمان من رامئەکرد بۆ نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەمانو خۆم دەشاردەوە".
چۆن بزانین منداڵێک بووەتە قوربانی دەستدرێژی سێکسی؟
د.سۆزان ئەسعەد، دەرونناس ئاماژە بەوە دەکات کە گرنگترین شت پێویستە كەسوكاری منداڵ بیزانن ئەوەیە ئەگەر هەستیانكرد منداڵەكەیان گۆڕدراوە، دەبێت بزانن هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە چیە، ئەو بەئاوێنەی وت "هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لەڕەفتاری منداڵێکی کەم تەمەندا ڕەنگە یەکەم نیشانەی سووکایەتیێکردن بێت".
ئەم دەرونناسە پێیوایە، منداڵان لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئاماژەی بچووک دەدەن، ئەو وتی "سەرهەڵدانی هەر گۆڕانکاریو ترسو خەمێک لەمنداڵدا روداوێکی شاراوەی لەپشتەوەیەو دەبێت دایکو باوک زوو بەدوایدا بچنو لێی بپرسنەوە".
وتیسی "بیرمە دایکو باوکێک هاتنە لام وتیان منداڵەکەمان ئەوەندە گریاوە تێگەیشتووین شتێک لەپشت گریانەکەوە شاراوەتەوە، دواتر دەرکەوت کەسێکی نزیکیان دەستدرێژیی کردوەتە سەر، گرنگە بەوریاییەوە چاودێری هەر جوڵەو پەیوەندییەکی نائاسایی منداڵ بکرێت".
ئامارەکان چیمان پێدەڵێت؟
ئامارێکی فەرمی دەربارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەکوردستان بەردەست نییە، لەبەرئەوەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بابەتێکی زۆر تابۆیە.
شەرمن عەلی، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات کە "هیچ ئامارێک ناتوانێت رەنگدانەوەی واقیعو وێنە تەواوەکە بێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی رێکخراوی یونیسێف لەهەر ٨ کچ لەجیهاندا، یەکێکیان پێش تەمەنی ١٨ ساڵی رووبەڕووی جۆرێک لەدەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە".
پێشیوایە ھەرچەندە ئاماری فەرمی بەردەست نییە، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی کراون بەشێکی بەرچاو لەمنداڵانی ھەرێمی کوردستان لەتەمەنی ٩ ساڵ تا ١٤ ساڵ دووچاری توندوتیژی خێزانیو کۆمەڵگە بوونەتەوە لەهەردوو رەگەزی نێرو مێ، ئەو وتی "بگرە ساڵانە ژمارەی ئەو مندالە کوڕانەی روبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە لەژمارەی کچەکان زیاترە، بەشێک لەدەستدرێژییەکانیش بەکوشتن یان گیان لەدەستدانی قوربانییەکە کۆتایی هاتووە، وەک ئەوەی لەساڵی ٢٠١٩ لەپارێزگای دهۆک روویدا".
وتیشی "چەند کەسێک لەسەر ئەو حاڵەتانە دەستگیر کراون، بەڵام زۆربەی کات بەهۆی ئەوەی دەستدرێژیی سێکسی لەلایەنی کۆمەڵایەتییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، خێزانی قوربانییەکان پەردەپۆشی دەکەنو زۆرجار ئەم حاڵەتانە دەشاردرێتەوەو نابنە سکاڵا لەدادگا. لەکاتێکدا ناکرێت ئەم گرفتە گەورەیە بەهۆی شەرمێکی ناهۆشیارانەوە بشاردرێتەوەو لەبری جارەسەرکردن، پەردەپۆشبکرێت".
بۆچی منداڵ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی دەشارێتەوە؟
هۆکاری جۆراوجۆر هەن کە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی پێیانباشە لەحاڵەتەکانی هەڵسوکەوتی نادروستی سێکسی یان توندوتیژیدا بێدەنگ بن، یاخود لەگەڵ دایکو باوکیان قسە ناکەن سەبارەت بەوەی چی ڕوویداوە، د.سۆزان لەمبارەوە وتی "چەند هۆکارێک لەپشت بێدەنگ بوونی منداڵەوەیە، لەوانە هەڕەشە، کە لەزۆر حاڵەتدا دەستدرێژیکار هەڕەشە لەمنداڵەکە دەکاتو دەیترسێنێت، هەروەها شەرم، چونکە منداڵ هەستی شەرمو ترسی هەیەو لەکاتی ڕووداوە توندوتیژەکاندا، لەلایەک دەزانێت شتێکی زۆر نائاساییو ترسناکی بەسەردا هاتووەو لەلایەکی تریشەوە دەترسێتو شەرم دەکات لەئاشکراکردنی".
وتیشی "زۆرجار دایکو باوکو دەوروبەریان گوێ بەو چیرۆکانە نادەن کە منداڵ دەیگێڕێتەوەو گرنگی پێنادەن، یان بەئاسانی باوەڕیان پێناکرێتو لەئەنجامدا منداڵەکە پێیباشە بێدەنگ بێتو دەبێتە قوربانی".
سزای یاسایی بۆ دەستدرێژیکاری سێکسی چییە؟
رێبین محەمەد، پارێزەرو یاساناس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسانەی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی ئەنجام دەدەن، بەپێی ماددەی 393ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 سزا دەدرێن، کە 10 ساڵ زیندانی تا زیندانیی هەمیشەییو لەسێدارەدانەو لێبووردنی گشتیش نایانگرێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپیی یاسای سزادانی عێراقی دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر هەر کەسێک کە تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر بێت، دەستدرێژی بێت یان بەخواستی خۆی بێت بەتاوان دادەنریتو سزا دەدرێت".
چۆن منداڵەکەت لەدەستدرێژیی دەپارێزیت؟
"هەمیشە خێزان ئارامترین شوێن بووە بۆ مرۆڤ بەگشتیو بۆ منداڵان بەتایبەتی"، ئە مە وتەی شەرمنی توێژەری کۆمەڵایەتییە.
ئەو ئاماژە بەچەند خاڵێک دەکات بۆ ئەوەی هەر دایکو باوکێک بەهوشیارییەوە بتوانن منداڵەکانیان بپارێزن لەدەستدرێژیی ئەوانەی لەدەوروبەرو تەنیشتماننو ئەوانەشی دوورن لێمانەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "گرنگترین کار چاودێری کردنی بەردەوامی منداڵانە، نابێت هیچ دایکو باوکێک کەمتەرخەم بن لەئاست دابینکردنی پێداویستیەکانیانی ژیانیان، نابێت هەموو قسەیەک کە پەیوەندی بەسێکسەوە هەیە لەبەردەم منداڵەکانیانیان بیکەن، زۆر مەترسیدارە بۆ منداڵ باوکو دایکیان تووشی ئالوودە بوون یان نەخۆشی دەرونی بووبن، باش نییە مندال لای کەسانی دیکه دابنرێن، گرنگە خێزان توانای پەروەردەکردنو راهێنانی منداڵیان بەباشی هەبێتو خۆشەویستیو متمانەو دڵنیایی تەواویان پێبدەن، بیانپارێزن چونکە هەر دەستدرێژییەک کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر دەرونو گەشەنەکردنی توانایان دەبێت".
وتیشی "لەسەر دایکو باب پێویستە منداڵەکەیان فێر بکەن کە جەستەی تایبەتە بەخۆیو دەبێت پارێزگاری لێبکاتو کەس دەستی لێنەدات، ئاگاداری ئەو کەسانەش بن کە بەشێوەیەکی نائاسایی لەمنداڵەکەیان نزیک دەبنەوە، هاوکات ئەرکی حکومەتو لایەنە پەیوەندیسارەکانیشە لەهەموو روویەکی یاساییەوە منداڵ بپارێزن، زۆر گرنگیشە لەقوتابخانەو سیستمی پەروەردەدا گرنگی بەبابەتی هۆشیاریی سێکسیو چۆنیەتی ڕیگریکردن لەدەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ بدەنو منداڵ فێربکەن چۆن بتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات".
تێبینی: لیرەو تاڤان - دوو ناوی خوازراون.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات