تورکیا نامەیەک ئاراستەی سەرکردایەتیی یەکێتیی ده‌كات
  2025-04-27       1065       

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی عێراقی (INN) کە پشتی بەسەرچاوەیەکی ئاگاداربەستوە، دوایین پێشهاتەکانی قەدەغەکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە ئاشکراکردوە.

ئاوێنە: ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ پێگە عێراقییەکە کردوە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەنكەرە بەردەوامە لەتۆمەتبارکردنی ئیدارەی سلێمانیی بەهاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و بەهەبونی بارەگاو دەزگای ڕاگەیاندنی نزیک لەو گروپە لەناوخۆی سلێمانی.

ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیکردوه‌تەوە، تورکیا سەرەتای ئەم مانگە نامەیەکی ئاراستەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوەو داوای داخستنی سەرجەم ڕێکخراوو بارەگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بەپەکەکەی کردوە وەک پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆکەخانە کە لەمانگی نیسانی 2023وە سەپێنراوە.

هەروەک وتویەتی:"ئەو پرسە هێشتا لەژێر دانوستانە، لەبەر ڕۆشنایی نەبونی هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەلایەن حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمه‌رجه‌كانى تورکیا".

سەرەڕای دڵنیاییدانی بەرپرسانی یەکێتیی، هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە تائێستا شکستیانهێناوەو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هاتوچۆی ئاسمانیی‌و بازرگانیی‌و مرۆیی لەپارێزگاکەدا هەبوە.

ڕۆژی 3ی 7ی 2023 توركیا بڕیاریدا به‌ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوەکو 3ى 1ى 2024و پاشانیش هەر شەش مانگ جارێك بڕیارەكەی نوێكردوه‌تەوە.

ڕاگرتنی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌لایه‌ن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین دوای ئه‌وه‌هات، فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وتنی توركیا ناوچه‌یه‌كی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كرده‌ ئامانج، كه‌ مه‌به‌ست لێی مه‌زڵوم كۆبانێ فه‌رماندی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) بوو كه‌ به‌سه‌ردانێك‌و بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وه‌فدێكى سه‌ربازیی ئه‌مریكا گه‌یشتبوه‌ سلێمانی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×