كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كۆتایی هات و بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی كۆنفرانسەكە، چەندین بڕیاردراون كە یەكێكیان پێكهێنانی خێرایی وەفدێكی هاوبەشی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستانە بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
ئاوێنە: راگەیەندراوی كۆنفرانسەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەلایەن فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە و محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا-ئەنەکەسە، بە هەردو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردراوە بە زوترین کات وەفدێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتوەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بكات.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆنفرانسەكەدا جەختكراوەتە كە سیستەمی حوکمڕانی له سوریا لامەركەزی بێت و هەر ناوچەیەک تایبەتمەندییەکانی پارێزراو بێت.
كۆنفرانسەكە داوای كردوە، سامانی گشتی به یەکسانی لە نێوان هەموو هەرێمەکان دابەش بکرێت و زمانی کوردی دوەم زمانی فەرمیی سووریا بێت و هەروەها نوێنەرایەتیی کورد له هەموو دامودەزگا حکوومییەکاندا هەبێت.
هەروەك ئاماژە بەوەشدراوە كە سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەری بنیاد بنرێتەوەو دۆخی ئابووریی ناوچه کوردییەکان باشتر بکرێت و بەعرەبکردنی ناوچەکه ڕابگیرێت و هەروەها بڕیارەکانی تەعریبی رژێمی پێشوو هەڵبوەشێندرێتەوه.
كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوا پێشی وایە دەبێت سوریا دەوڵەتێکی مەدەنی بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەناو دەستوور جێگیر بکرێت و هەروەها یەكسانی نێوان ژن و پیاوان هەبێت.