ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی بۆ ئاوێنە: کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد دەستێکی بەهێزی جەنابی سەرۆک بارزانی تێدایە
  2025-04-26       189       

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد بە "لوتکەی ئاواتمان" دەگەیەنێت و "ئاسۆی رونمان" نیشان دەدات. ئەو دەشڵێت "ئەو کۆنفرانسە دەستێکی زۆر بەهێزی جەنابی سەرۆک بارزانی تێدایە".

 

ئاوێنە: فازیل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەبارەی گرنگی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد بۆ کوردان، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئاوێنەدا راو سەرەنجی خۆی خستەروو و، رایگەیاند "کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد یەکێک بوو لە کۆنفرانسە هەرە باشەکانی کورد کەلە رۆژئاوا ئەنجامدراوە، ئەمە بە لوتکەی ئاواتمان دەگەیەنێت و ئاسۆی رونمان نیشان دەدات، چونکە لە رابردوودا بەرنامەی یەکڕیزییمان جێبەجێنەکردووە یان نەمانبووە، هەربۆیە ئەم بەرنامانە ئومێدبەخشن و بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستانی تێدایە".

ئاشکراشیکرد "دەشتوانم بڵێم ئەم بەرنامەیە کەلە رۆژئاوا سەریگرت دەستێکی زۆر بەهێزی جەنابی سەرۆک بارزانی تێدایە، چونکە لە دێرزەمانەوە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان بۆ یەکخستنی حزبە سیاسییەکان قسە دەکات و کۆیاندەکاتەوە و بانگهێشتیان دەکات و نوێنەر دەنێرێتە لایان، ئەوە بەرهەمی ئەو هەڵوێساتەنەیە کە جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵیاندا، ئەمڕۆش مەزڵوم عەبدی لە کۆنفرانسەکە دانیپێدانا".

سەبارەت بەوەی تاچەند ئەم کۆنفرانسە پەکەکە و پارتی لێک نزیک دەکاتەوە؟ بەشارەتی رونیکردەوە "کۆنفرانسەکەی رۆژئاوا جیاوازە لەبەرمانەی پەکەکە، چونکە ئەوانیش لایەنێکی گرنگی سیاسین دەبێت بەرنامەیەک لەگەڵ ئەوانیشدا بکرێت، بەڵام ئەمە زیاتر کوردستانی رۆژئاوا و باشور زیاتر لەیەکتری نزیک دەکاتەوە و پەیوەندییەکانیان بتەوتر دەکات".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی باسی ئامادە نەبوونی نێچیرڤان بارزانی دەکات لە کۆنفرانسەکەدا و، دەڵێت "کاک نێچێرڤان بارزانی میوانداری تایبەت کرابوو بۆ رۆما بۆ بەخاکسپاردنی پاپای ڤاتیکان، چونکە جەنابی وەکو نوێنەری کوردستان و عێراق بەشداری کردبوو، بۆیە گرنگ بوو لەوێ بێت، چونکە بۆشایی دروست دەبوو. بەڵام لە رۆژئاوا نوێنەری لەوێ بوو بۆشاییەکەی پڕکرابوەوە".

پەیوەست بە سەردانی مەسعود بارزانیش بۆ رۆژئاوا و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فازڵ بەشارەتی وێڕای ئەوەی کە مەسعود بارزانی لەرابردوودا سەردانی رۆژئاوای کردووە و لەم ماوەیەشدا بانگهێشت کراوە لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە، دەشڵێت کە نازانێت کەی سەردانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات. وتیشی "من ئاگادار نییم کە وادەی رۆشتنەکە نزیک بێت یان نا".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥،‌ به‌ به‌شداری‌ ٤٠٠ ئه‌ندام كۆنفرانسی‌ یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان له‌ شاری‌ قامیشلۆ ده‌ستی‌ به‌ كاره‌كانی‌ كرد به‌ ئامانجی‌ یه‌كخستنی‌ هه‌ڵوێستی‌ كوردان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×