بەپێی میدیاکانی ئێران، گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران ٩ کاتژمێری خایاندووە. هاوکات وەزیری دەرەوەی عومانیش ئاشکرایکردووە، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا هەفتەی داهاتو بەردەوام دەبێت لەسەر ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، بۆ سێیەمین جار کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەچوو.
هاوکات میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، گەڕی سێیەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی هەردوو شاند، نزیکەی ٩ کاتژمێری خەیاندووە.
لایخۆشیەوە بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان وتی "دانوستانەکانی نێوان ئێران ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، هەروەها بڕیار وایە كە کۆبونەوەیەکی دیکەی ئاستی باڵادا ئەنجام بدرێت".
ناوبراو وتیشی "لە دانوستان و گفتوگۆكانی ئەمڕۆدا، ئامانجەکان و نیگەرانییە تەکنیکییەکان لەنێوان هەردو وڵاتدا باسیان لێوەكراوە.
جێی ئاماژەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی خۆیدا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنەکە ئەتۆمییەکە لە ساڵی ٢٠١٨ ڕاگەیاند.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ١٩ـی نیسانی ٢٠٢٥، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران لەنێو باڵیۆزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە دانوستانەکانی نێوانیان.