وەزیری دەرەوەی ئێران ناوەڕۆکی گەڕی سێیەمی دانوستانەکەی نێوان تاران و ئەمریکای راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە کە لەچاو گەڕەکانی پێشوو "جدیتر" بووە.
ئاوێنە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "شەممەی داهاتوو گەڕێکی دیکە لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت".
عێراقچی راشیگەیاند "شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەکە لەلایەن عوممانەوە دیاریی دەکرێت".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی دانوستانەکەش وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، کەلە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازی بوون و "گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەچاو گەڕەکانی پێشوو جددیتر بوو".
ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، بۆ سێیەمین جار کۆبوونەوە و، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەچوو.