چوار كەس لە تەقینەوەكەی بەندەر عەباسدا گیانیان لەدەستداوە
  2025-04-26       162       

سەرەڕای برینداربونی 516 كەس لە تەقینەوە بەهێزەكەی ئەمڕۆی بەندەر عەباسدا، تاوەكو ئێستا گیانلەدەستدانی چوار كەسیش پشتڕاست كراوەتەوە.

ئاوێنە: بەرپرسی كۆمەك رزگاركردن لە مانگی سوری ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای ئێران رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 4 كەس لە تەقینەوەكەی بەندەر عەباسدا، گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها بابەك یەكتاپەرست وتەبێژی فریاكەوتنی ئێران رایگەیاند، ژمارەی بریندارانی تەقینەوەكە گەیشتۆتە 516 بریندار.

تەقینەوەكە ئەمرۆ لە بەندەری (شەهید رەجایی) لەناوچەی كۆنتێنەرەكان لە شاری بەندەر عەباس رویداو هێشتا بەدیاریكراوی هۆكاری تەقینەوەكە نازانرێت.

فاتیمە موهاجیرانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، دیاریكردنی هۆكاری تەقینەوەكە كەمێك كاتی دەوێت.

وتیشی، تەقینەوەكە لەنێو ئەو كۆنتێنەرانەدا بوە كە لە لایەكی بەندەرەكە بون و رەنگە ماددەی كیمیاییان تێدابوبێت و تەقیبێتنەوە، تاوەكو ئاگرەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ نەكرێت، دیاریكردنی هۆكاری تەقینەوەكە كەمێك قورسە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×