مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا كە لەلایەن نوێنەرەكەیەوە لە كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە رۆژئاوا خوێندرایەوە، دەڵێت، پشتیوانی لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و دیموکراسی و هەمەچەشن و یەکسان دەکەین، پشتگیری لە دەستورێک دەکەین، کە گەرەنتی ئەم بنەمایانە بکات.
ئاوێنە: پەیامی مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە رۆژئاوا، لەلایەن حەمید دەربەندی، نوێنەری ناوبراوەوە خوێندرایەوە.
مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت"ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ و مێژوییە لە هەوڵەکانی بنیاتنانی یەکگرتویی کورد و پێناسەکردنی دیدێکی یەکگرتو و هاوبەش، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، کە بەشداریی ڕاستەقینەی گەلی کورد لە وڵاتەکەیدا مسۆگەر دەکات، هەروەها دەبێتە هۆکارێک بۆ بەشداریکردنتان لە بنیاتنانی داهاتویەکی باشتر بۆ هەمو سورییەکان."
لە پەیامەكەدا هاتوە "لەو چوارچێوەیەدا سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ هەوڵ و ماندوبونی بەڕێز مەزڵوم عەبدی و هەوڵی یەک بەیەکتان لە ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ ئەم کۆنفرانسە دەردەبڕم. هیوادارم هەموتان بەردەوام بن لە هەوڵەکانتان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و هاوکاری یەکتری نێوان گەلەکەمان."
هێما بۆ ئەوەش دەكات"ئەمڕۆ له کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا له سوریا و ناوچه که ڕودەدات، له داهاتوشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتوەتە ئاراوە، بەرپرسیارێتییەکی مێژویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو که گوزارشت له خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی سوریای یەکگرتو و ئازاد و دیموکراسیدا."
جەختیش دەكاتەوە"ئێمە پشتیوانی لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و دیموکراسی و هەمەچەشن و یەکسان دەکەین، کە تێیدا مافەکانی گەلی سوریا بە هەمو پێکهاتەکانیشەوە مسۆگەربکرێت و هیچ شوێنەوارێكی ستەم و دیکتاتۆریەت نەمێنێتەوە، هەروەها پشتگیری لە دروستکردنی دەستورێک دەکەین، کە گەرەنتی ئەم بنەمایانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و هاوسەنگی و لێخۆشبون لە وڵاتدا مسۆگەر بکات و بپارێزێت، ئەمەش هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ هەمو سورییەکان، زامنکردنی مافە مەدەنی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی هەمو هاوڵاتییان."
مەسعود بارزانی ئاماژە بەوەشدەدات "یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سوریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا."
دەشڵێت"ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی نێوان کورد و هەمو پێکهاتەکانی تری گەلی دراوسێی سوریا دەکەینەوە، بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پاڵپشتیکردنی کولتوری لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و دڵنیابون لەوەی داهاتوی سوریا لەسەر بناغەکانی هاوپشتی و ڕێزگرتنی یەکتر و هاوڵاتییەکی یەکسان بنیات بنرێت، بناغەیەکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئاشتیخواز و دادپەروەرانە بۆ هەموان."
مەسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا دەشڵێت"پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ هەر هەوڵێکی دڵسۆزانە دوپات دەکەمەوە کە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردن بێت بۆ داهاتویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان."