مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە وتەی كردنەوەی كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورددا، رایگەیاند، لە سوریای نوێدا دەبێت مافەكانی كورد دەستبەربكرێن. جەختیشی كردەوە كە سوریای نوێ پێویستی بە دەستورێكی لامەركەزی هەیە.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، ئەمڕۆ شەممە، لە وتەی كردنەوەی كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورددا لە قامیشلۆ، رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدەکانمان.
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، هەوڵەکانی یەکڕیزیی کورد دەمێکە لە ئارادان و سوپاسی مەسعود بارزانی دەکەین بۆ هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزیی کورد لە سوریا.
عەبدی جەختی كردەوە كە کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد بە مانای دابەشکردنی سوریا نییە و وتیشی، بەپێچەوانەوە ئەم کۆنفرانسە یەکڕیزی سوریا پتەوتر دەکات. یەكڕیزی کورد یەکگرتویی سوریایە و هێزی کورد هێزی سوریایە.
هەروەها وتیشی، سوریای نوێ پێویستی بە دەستورێکی ناناوەندی هەیە کە هەمو پێکهاتەکانی لەخۆ بگرێت.
دوپاتیشیكردەوە كە لە سوریای نوێدا دەبێت مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن و وتیشی، ئەمە داواکاری بنەڕەتی ئێمەیە.
هەروەها وتیشی، ئەرکی ئێمە پاراستنی دەستکەوتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و بەهیزكردنی هەمەڕەنگی و مافی هەمو پێکهاتەکانە.