بزووتنەوەی گۆڕان - باڵی زەرگەتە لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی نیشتیمانیدا، رێژەیی یاسایی (نصاب القانونی) ئەندامانی دەستەی گشتی کە (١٠٦٤) ئەندامە ئامادە نەبوون و، بگرە کەمتر لە ٥٠% ئەو رێژە یاساییە ئامادە بوون.
ئاوێنە: بزووتنەوەکە دەشڵێت "بەهۆی تەواو نەکردنی نیسابی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەک کەسێک بۆی نییە بە ناوی رێکخەر، بزووتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بکات و هیچ کارێک ئەنجام بدات".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "هێڵی سورمان لەسەر هیچ کەسێک نییە کە بڕوای بە گۆڕانکاری و دیموکراسیەتی حزبی هەیە و هەموومان ئەتوانین بەیەکگرتووی و یەکخستنی تواناکانمان بەیەکەوە کار بۆ ئامانجە رەواکانمان بکەین".
دەقی راگەیندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان – باڵی زەرگەتە:
راگەیەندراوی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان
هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان
سەرجەم گۆڕانخوازانی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی نیشتیمانیدا، رێژەیی یاسایی (نصاب القانونی) ئەندامانی دەستەی گشتی کە (١٠٦٤) ئەندامە ئامادە نەبوون و، بگرە کەمتر لە ٥٠% ئەو رێژە یاساییە ئامادە بوون. لێرەوە ئێمە ڕایئەگەیەنین:
یەکەم: بە بڕیار و نووسراوی فەرمی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکان، ژمارە (ش.ح/خ/ ٨٧٥)، لە رێکەوتی ٢٦ی ٣ی ٢٠٢٥، پاڵپشت بە بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران ژمارە (١) لە کۆنووسی ئاسایی (٩) رێکەوتی ٤ی ٣ی ٢٠٢٥، تایبەت بە دانانی رۆژی کۆنگرەی دامەزراندنی گۆڕان بەشێوەیەک لە ١٠ی ٤ی ٢٠٢٥ تێنەپەڕێت و لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەدا لە ٥ی ٤ی ٢٠٢٥ لە (گردی زەرگەتە) ئەنجامدا و کۆی مەرجە یاساییەکانی کۆمسیۆن لە پەسەندکردنی بەرنامەی سیاسی، دەستوری ناوخۆی و هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەنجامدا.
دوەم: بە فەرمی داوامان کردووە کۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کە رێکەوتی ٥ی ٤ی ٢٠٢٥ بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام درا پەسەند بکرێ.
سێهەم: بە نووسراوی فەرمی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکان، ژمارە (ش.ح/خ/ ٩٥٧)، رێکەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ و بە بڕیاری (١)، کۆنووسی نائاسایی (٤٨) رێکەوتی ١١ی ٩ی ٢٠٢٤ ماوەی (٦) مانگی بۆ ئەو بەڕێزانە دانا، پاش پێدانی مانگێکی ترش، لە بەرواری ١٠ی ٤ی ٢٠٢٥، ماوە یاساییەکانی کۆمیسیۆن کۆتایی هات. لەسەر ئەم بنەمایەش، ویلایەتی رێکخەری پێشووی گۆڕان و بریکارنامەکەی کۆتایی هاتووە.
چوارەم: بەهۆی تەواو نەکردنی نیسابی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەک کەسێک بۆی نیە بە ناوی رێکخەر، بزوتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بکات و هیچ کارێک ئەنجام بدات.
ئێمە جەخت دەکەینەوە کە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و دەستوری ناوخۆی و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بنەمای کار و چەتری کاری رێکخراوەیمانە. داوا لە هەموو گۆڕانخوازانی دڵسۆز دەکەین، بەو بەڕێزانەی لەو کۆنفرانەسەی ئەمڕۆ ئامادەبوون، گردی زەرگەتە ماڵی هەر هەموو ئەو بەرێزانەیە کە رۆژێک بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تێکۆشاون، هێڵی سورمان لەسەر هیچ کەسێک نیە کە بڕوای بە گۆڕانکاری و دیموکراسیەتی حزبی هەیە و هەمومان ئەتوانین بەیەکگرتووی و یەکخستنی تواناکانمان بەیەکەوە کار بۆ ئامانجە رەواکانمان بکەین. ئێستا کاتی یەکخستنەوەی تواناکانمانە لە سایەی رێبازی راستەقینەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا.
جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بە ئازادی رادەربڕین و رەخنەی بونیادنەر هەیە بۆ گەشەپێدان و کۆتایهێنان بەناکۆکیەکان.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٦ی ٤ی ٢٠٢٥