2025-04-13   227     
ھێمن مەحموود
ئەمڕۆژانە کەوا ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، خوێندنەوەی ئەم کتێببە لەم ساتەدا گرنگییەکی زیاتری ھەبوو ئەویش بەو پێیەی ناسینی دەسەڵاتی سەردەمی سەفەوییەکان دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە حوکمڕانانی ئێستای ئێران، کە لەسەر ھەمان بەرنامە و ڕێچکەی فراوانڕەویی و مەزھەبی و دەسەڵاتخوازی سەفەوییەکان ھەنگاو دەنێت و ھەمان خەونی گەورەیی ئەوانی ھەیە کە ئەویش ئێرانێکی گەورە و دەسەڵاتدارە.
سەفەوییەکانی ئێران کە ئیمپراتۆرییەتییەکی گەورەی ئێرانی بووە و زیاتر لە دوو سەدە حوکمڕانییان کردووە (١٥٠١- تا ١٧٣٦ز)، بنەچەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شێخ سەفیوددینی ئەردەبیلی (١٢٥٢_١٣٣٤ز) کە ڕێبازێکی سۆفیانەی دامەزراند و دواتر نەوەکانی پێگەوناوبانگی باپیرە گەورەیان قۆستەوەو لە بواری سیاسیدا بەکاریانھێنا و دەسەڵاتەکەیان بەناوی ئەوەوە ناونا و مەزھەبەکەیان لە سووننەوە بۆ شیعە گۆڕی، بەپێی ھەندێک سەرچاوە شێخ سەفی کوردەو خەڵکی ناوچەی شنگالە.
ئەم ئیمپراتۆریەتە لە سەردەمی دەسەڵاتی شا ئیسماعیلی یەکەم لە تەورێز دروستکراوە و مەزھەبی شیعەی کردۆتەوە ئاینی فەرمی خۆی، ھاوکات ناوچەیەکی فراوانی بەڕێوەبردووە، تووشی چەندین جەنگ لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی سوونی مەزھەب بووە و چەندجارێکیش کوردستان و عێراقی داگیرکردووە تاوەکو لەجەنگی چاڵدێران ١٥١٤ بە عوسمانییەکان دۆڕاوە.
ئەم کتێبە (پەرەسەندنی مێژوویی جوڵانەوەی سەفەویی لە ئێران) بریتییە لە کۆمەڵە بابەتێکی جیاوازی سیاسی، ئابووری، فەرھەنگی، ئاینی لەسەر ماوەی حوکمڕانی سەفەوییەکان لە ئێراندا و وردەکاری مێژووی حوکمڕانان و سوڵتان و شاکانی سەفەوی و ململانێ و لەناوبردنی یەکتری لەپێناوی کورسی حوکمڕانیدا لە خۆ دەگرێت و زۆر بە پیشەییانە و وردەکارییانە لەلایەن کۆمەڵێک توێژەری بیانییەوە نووسراون و (بەرزانی مەلا تەھا) وەرگێڕانی بۆ کردووە.
لەنێو مێژوونووساندا ناکۆکی لەسەر بنەچەی سەفەوییەکان ھەیە، بەپێی کۆپییەکی دەستنووسی سەفوەتوئەلسەفا کە دەگەڕێتەوە بۆ (لیدن) بنەچەی سەفەوییەکان کوردە، ئەویش بەبنەمای ئەوەی سۆفیگەراییان پشتگیری ئەوە دەکات کوردبن، ھاوکات شافیعی مەزھەب بوون کە کوردیش شافیعی مەزھەبە، بەڵام زمانەکەیان ناکۆکی لەسەرە و ڕیشەکەی ڕۆشن نییە، یەکەمین کەسێکیش کە مەیلی بەلای شیعەگەریدا ھەبوو خواجە عەلی کوڕی شێخ سەدرودین بووە.
لەبەناوبانگترین پاشاکانی سەفەوی شا ئیسماعیلی یەکەم و شا عەباسی یەکەم بوون کە توانیویانە دەسەڵاتی سەفەوییەکان فراوانبکەن و داگیرکارییەکانیان پەرەپێبدەن، ھاوکات چەندین پاشای لاواز و گەندەڵ حوکمڕانی دەسەڵاتەکەیان کردووە تاوەکو لە دەورانی کۆتاییدا خۆری ئیمپراتۆریی سەفەوییان ئاواکردووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە دەورانی سەفەویی بۆ ئێرانییەکان دەورانی ھێز و دەسەڵات و گەشەی ئابووری و فەرھەنگی و مەزھەبی بووە، داھێنەکانی ئێرانی نوێ زۆرینەی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوی، گەشەی شارەکانی شیراز و ئەسفەھان و تەبرێز و کۆڕی مەجلیسانی ئەدەب و ھونەر و کەلتووری و پزیشکی لە سەردەمی سەفەوییەکاندابووە و چەندین کەسایەتی بەناوبانگ سەریانھەڵداوە. لەڕووە مەزھەبیەکەشەوە دەسەڵاتدارانی سەفەوی چەندین زانای شیعە مەزھەبیان لە ناوچەی جەبەلعاملی لوبنانەوە ھێناوەتە ئێران و بنەماکانی دەسەڵاتی مەزھەبی شیعەیان پەرەپێداوە.
بەبڕوای من لەدوای دەسەڵاتی سەفەوییەکانەوە نە حوکمڕانانی پێش قاجاری و دواتریش قاجاری و دواتریش پەھلەویییەکان نەیانتوانیوە ھێندەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ئێران کەلتووری سەفەوییەکان لەڕووی مەزھەبی و فراوانخوازیی دەسەڵاتەوە زیندوو بکەنەوە بەجۆرێک خۆیان وتەنی لەیەککاتدا حوکمڕانی پێنج وڵاتی ناوچەکە بکەن (عێراق، لوبنان، سوریا، یەمەن، فەڵەستین)، بەڵام وا دیارە لەدوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و شەڕی غەززەوە ئیتر خۆری ھەژموونی فراوانخوازی ئێران بەرەو ئاوابوون دەڕوات.
کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە تێدەگەیت شارستانییەتی نوێی ئێران چۆن دروستبووەو سیاسەتی حوکمڕانانیشی چۆنە، سەفەوییەکان باپیرە گەورەی دەسەڵاتدارانی ئێرانن و توانیویانە ئایین و مەزھەب بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربھێنن، بەرژەوەندییەک ھێندە ڕۆدەچن تیایدا ڕەنگە دواجار سەریانبخوات!