ئاندرو شافەر
wergYRany: saman Iely
"جیاوازیی نێوان پیاو و ژن، وەک جیاوازیی نێوان ئاژەڵ و ڕووەکە"
(هیگڵ)
جۆرج ڤیلهێلم فریدریش هیگڵ نووسیوویەتی و دەڵێت: "ئەوین تەنها بەرامبەر بەو شتانە ڕەوایە کە هاوشێوەی بوون و زایەڵە و ئاوێنەی بوونمانن". لەم ڕێگەیەشەوە ئەنجامگیریی ئەوەی کرد، لەو سۆنگەیەوە کە مرۆڤایەتی لەسەر شێوەی خودا خوڵقێنراوە، خودا زیاتر شایستەی ئەوینی ڕاستەقینەیە، هەرچی ڕۆمانسیزمەکانی سەر ڕووی زەویش هەن، لە ڕەنگدانەوەیەکی ڕووکەشی ئەوینی خودایی زیاتر نین. بەڵام ئەمە ڕێی ئەوەی لە هیگڵ نەگرت لە ژنی خاوەنی ئەو ماڵە کە ناوی کریستینا بێرکهارتە، ببێت بە باوکی منداڵێکی زۆڵ. هەرچەندە کریستینا مێردەکەی خۆی بەجێهێشتبوو، بەڵام هیگڵ دەترسا خاوەنی زەوییەکە تۆڵەی لێ بستێنێتەوە، هەر بۆیە پاش مانگێک لە لەدایکبوونی منداڵەکەی، گوندەکەی بەجێهێشت.
مانگی ئەیلوولی ساڵی١٨١١ هیگڵی چل ساڵان هاوسەرگیریی لەگەڵ ماریا هیلین سۆسنا فۆن توشەر کرد، کە ژنێکی قەدباریک بوو لە نیوەی تەمەنی هیگڵدا بوو. لە بەرهەمی هاوسەرگیرییەکەیان دوو منداڵیان بوو و، ساڵی ١٨١٦ منداڵە کوڕە زۆڵەکەشیان کە لە کریستینا بوو بووی گرتە خێزانەکەی خۆیان.
ئەم هاوسەرگیرییە هەرایەکی گەورەی لە نێوان هیگڵ و کریستینا لۆن دروست کرد (ئەم کریستینایەتان لەگەل کریستینا بێرکهارتی دایکی کوڕی یەکەمی هیگڵ لێ تێک نەچێت). لەو کاتەدا کە ژنەکەی سکی بە منداڵی یەکەمیان هەبوو، هیگڵ کریستینای بانگ کرد بۆ ماڵی خانەوادەکەی تا لە کاروباری ماڵەکە یارمەتییان بدات. پێشتر هیگڵ لای خوشکەکەی خۆی گوتبووی ئامانجی لە هاوسەرگیریکردنەکەی ئەوە نییە بەختەوەر بێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە "ڕازی بێت". بەڵام کریستینا، کە بەردەوام لە هیگڵی برایەوە نزیک بوو، زۆر تووڕە بوو و ماڵەکەی بەجێهێشت، ئەمەش لای هەندێک لە خەڵک گومان و پێشبینی ئەوەی دروستکرد، کە بەرامبەر بە براکەی هەست و سۆزێکی نائاسایی و ناسروشتی هەیە و، نەیتوانی لەگەڵ ژنێکی تردا بیبینێت کە خۆشینەدەویست بەو جۆرەی کە لای درکاندی.
هیگڵ ترسا خوشکەکەی لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆش بێت، هەر بۆیە خۆی و خێزانەکەی لێ دوورخستەوە. ساڵی١٨٣١، لە پاش سێ مانگ لە کۆچی دواییی کردنی هیگڵ، کریستینا لە ڕێگای خۆفڕێدانە ناو ئاو و خۆخنکاندنەوە، ئەو گومانانەی پشتڕاستکردەوە.
لە زاری هیگڵ خۆیەوە
ئەمە بە خاتری خانمان
تەنانەت لە ماوەی سەدەی هەژدەشدا، ڕۆژگار چاوپۆشی لە بۆچوونە ژنبێزییەکانی هیگڵ کرد، کاتێک ئارسەر شپینگلەری هاوسەردەمی لەبارەیەوە گوتی: "دوایین پەیکەری گەمژایەتیی ئەڵمانە". بەو جۆرەی لەو هەڵبژاردانەوە دەبینن، بۆچوونەکانی هیگڵ درێژەیان نەکێشا:
"گومانی تێدا نییە ژن دەتوانێت فێربێت، بەڵام ئەقڵ و هۆشیان بۆ زانستە باڵاکانی وەک فەلسەفە و هەندێک لە چەشنەکانی هونەرەکان گونجاو و ساز نییە. ڕەنگە سروشی شاد و چێژ و باڵاییان هەبن، بەڵام بە دڵنیاییەوە نابنە نموونەیی، چونکە جیاوازیی نێوان پیاو و ژن، وەک جیاوازیی نێوان ئاژەڵ و ڕووەکە.. ئەگەر ژنێک سەرۆکایەتیی حکومەتێک بگرێتە دەست، دەوڵەت دەکەوێتە مەترسییەکی بێ چەند و چوونەوە، لەبەر ئەوەی بەگوێرەی پێویستییەکانی هەمەکێتی ڕەفتار ناکەن، بەڵکو بەگوێرەی خواست و ڕووداوە ناکاوەکان ڕەفتار دەکەن".