ئەریستۆ (٣٩٤-٣٢٢ پ،ز)
  2025-03-31       160       

ئاندرو شافەر

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

"کاتی ئەوەیە خۆشەویستی بە گەمژاندنی ژیر و ژیراندنی گەمژە، ڕاستیی هێزی خۆی بسەلمێنێت" (ئەریستۆ)

ئەریستۆ بە هۆی بیردۆزە میسۆژینییەکانییەوە (میسۆژینی واتە ژنبێزی و قین لە ژن) دوژمن و ناحەزی زۆر بوون. چونکە پێی وا بوو ژنان بە زگماک گەند و خراپن، ئەم بۆچوونەشی لەسەر ئەو تێبینییە چەوتانەی بونیاد نابوو کە دەیگوت گوایە خوێنیان ساردە و ددانی کەمتر لە دەمیاندا هەیە و کەمتر لە پیاوان دەژین (یۆنانییەکان نەریتێکی سەیر و نامۆیان هەبوو، ئەو کچانەی دڵخواز نەبوون لە چۆڵەوانی بەجێیاندەهێشتن تا بمرن، ڕەنگە ئەمە کاریگەریی لەسەر ناوەندی تەمەنی ژن لەناو ژنانی جڤاتی یۆنانی دانابێت)، چونکە لە ڕوانگەی ئەریستۆدا ژنان لە هەندێک بوونەوەری کێوی و دڕندە زیاتر نین، بەڵام لە ئاژەڵان ماڵیترن.

زۆرێک لە مێژوونووسان بۆچوونەکانی ئەریستۆیان سەبارەت بە ژنان پشتگوێخستووە، چونکە دواجار ئەریستۆ، شان بە شانی پلاتۆ و سۆکرات، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی خۆرئاوا و، یەکەم بابەتی لێکۆڵینەوەی بۆ زانستی ژیربێژی داناوە و، سەبارەت بە زیندەوەرناسی و ڕێساکانی ڕەفتارکردن و سیاسەت، چەند هەنگاوێک چووەتە پێشەوە.

ئەریستۆ، کاتێک تەمەنی سی و حەوت ساڵان بوو، مێردی بە بیسیاس کرد کە کیژێکی هەژدە ساڵان بوو و کچی هەڵگیراوەی هیرمیزی مامۆستای بوو، خودی ئەریستۆ خۆی، بە شێوازیکی ڕۆمانسییانە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تەمەنیان زۆر گونجاو بووە بۆ هاوسەرگیری. مێژوونووسان وایان تۆمارکردووە کە ژیانی هاوسەرییان زۆر خۆش بووە، بەڵام ئەگەر بۆ ژنەکەی ڕێپێدراو بووایە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوانیان بۆچوونی تایبەتی خۆی تۆمار بکات، ڕەنگە وێنەیەکی زۆر جیاواز لەم هاوسەرگیرییەمان ببینیایە: ئایا کەیفی بەوە دەهات و چێژی لەوە وەردەگرت ئەریستۆ وەک "ئاژەڵێکی ماڵی" ڕەفتاری لەگەڵ بکات و بە "دڕندە" بانگی بکات؟ بیسیاس هەر بە گەنجی سەری نایەوە و، لە پاش خۆی ئەریستۆی بە تەنها بەجێهێشت ئەرکی گۆشکردن و گەورەکردنی ئەو منداڵە کچە تاقانەیەیان لە ئەستۆ بگرێت کە ئەویش دیسان ناونرا بیسیاس.

لە دوای ئەوە ئەریستۆ ژنێکی دیکەی هێنا ناوێکی ناخۆشی هەبوو، ناوی هیرپیلیس بوو. زانیاری و وردەکارییەکی کەم سەبارەت بە پەیوەندیی نێوانیان بەجێ ماوە، کاتێکیش ئەریستۆ مرد، وەسیەتی کردبوو لە تەنیشت ژنی یەکەمییەوە بینێژن. شایانی باسە ئەریستۆ تا مرد لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان وەک بڕێک بوونەوەری بێئەقڵ بەردەوام بوو، لەبەر ئەوەی هاوپێچ بە هەندێک ڕێنمایی توند هیرپیلیسی ڕادەستی جێبەجێکارانی وەسیەتنامەکەی کرد، لە یەکێک لەو ڕێنماییانەدا هاتبوو کە: ئەگەر ویستی شوو بکاتەوە "تەنها بدرێت بە کەسێک کە شایانێتی".

لە زاری ئەریستۆ خۆیەوە:

سەبارەت بە دەم و پیاو

بە هۆی ئەوەی ئەریستۆ پێی وا بوو ژنان بە بەراورد بە پیاوان ددانیان کەمترە، ڕەخنەگران سەردەمانێکی دووردرێژ گاڵتەیان پێ دەکرد، بێرتراند ڕاسڵی فەیلەسووفی ئینگلیز نووسیوویەتی و دەڵێت: ""هەرچەندە ئەریستۆ دوو جار ژنی هێنا، بەڵام بیری نەبوو لە ڕێی پشکنینی دەمی ژنەکانییەوە لە ڕاستیی بیردۆزەکەی خۆی دڵنیایی وەربگرێت".

ئایا ئەریستۆ بە کاری دیکەی زۆر گرنگتر لە پشکنینی دەمی ژنەکانییەوە سەرقاڵ بوو؟ دیۆگینی ڕەشبین دەڵێت: "ئەریستۆ دەتوانێت {لەسەر ڕێگای ڕێکاران لە لیسیۆم} بێت و بچێت و پیاسە بکات بە دەم گفتوگۆکردن سەبارەت بە فەلسەفە لەگەڵ قوتابییەکانیدا، تا کاتی خۆپاککردنەوەیان دێت بە زەیت"، بەڵام ژنان لە ماڵەوە بەندکرابوون و لە خەڵک و ژیانی کۆمەڵایەتی دوورخرابوونەوە، لە کاتێکدا پیاوان ئازاد بوون.. وانەیان دەگوتەوە و وانەیان دەخوێند و یەکترییان پاک دەکردەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×