لویس ئاڵتۆسێر (١٩١٨-١٩٩٠)
  2025-03-31       176       
لویس ئاڵتۆسێر

ئاندرو شافەر

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

"بوونی لەش، مایەی نەگبەتییە، بوونی ئەندامی زاووزێ، نەگبەتییەکی زیاترە". (لویس ئاڵتۆسێر)

لویس ئاڵتۆسێر بوخچەیەکی نەکراوەی تەمەن سی ساڵان بوو، کاتێک چاوی بە هیلین ڕایتمان-ی تەمەن سی و هەشت ساڵان کەوت. ئەم ژنە ئاڵتۆسێری فەیلەسووفی فەڕەنسی بە جیهانێکی سێکسیی چاونەترسی نوێ ئاشنا کرد ڕەنگە ئەو کات ئاڵتۆسێر هێشتا خۆی بۆ ئامادە نەکردبێت. چونکە پاش ئەوەی ئاڵتۆسێر بۆ یەکەم جار سەرجێی لەگەڵ هیلین کرد، بە جۆرێک ئەقڵ و هۆشی تێکچوو، تووشی خەمۆکییەکی توند هات پێویستی کرد لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە و چارەسەر وەربگرێت. وێڕای ئەم سەرەتایە، ئاڵتۆسێر سێکسی وەک بەشێک لە ژیانی خۆی پەسەند کرد و هاوسەرگیریی لەگەڵ هیلین کرد.

لە ڕاستیدا پێدەچێت هیلین زیاد لە پێویست دڵبەرە گەنجەکەی فێرکردبێت، بە ڕادەیەک ئەوەندەی پێ نەچوو بە خەوتنی لەگەڵ ژنێکی دیکەدا ناپاکی لێ کرد. ئەم دوو هاوژینە، بە هۆی زۆریی دەمەقاڵێ و شەڕەوە، هاوسەرگیرییەکەیان تێکچوو و، هیلین ناوبەناو هەڕەشەی خۆکوشتنی دەکرد، ئێ ئەمانیش بێجگە لەو بەڵێنانەی هاوسەرگیریی کە پێشتر بە یەکدییان دابوو، هیچ هاوڕێیەکی ڕاستەقینەیان نەبوو. ئەمە لە بەرژەوەندیی دۆخی هۆشەکیی لەرزۆک و لاوازی ئاڵتۆسێردا نەبوو، لەبەر ئەوەی پێویستی بە چاودێریی پزیشکی هەبوو لە نەخۆشخانە، سەرەڕای ئەو چارەسەرە دەروونییە چڕانەی کە وەریدەگرتن.

شتێک کە سەیر و جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە ئاڵتۆسێر سەرباری ئەو دۆخەی پیایدا تێپەڕی دەکرد، ماوەی سی ساڵی ڕەبەق لە قوتابخانەی باڵای مامۆستایان لە پاریس وانەی گوتەوە و تەواوی نەوەیەکی لە فەیلەسووفە فەڕەنسییەکان بە سروش وەرگرتن لە فەلسەفە مارکسییە ڕادیکالەکەی خۆی کۆمەک کرد.

بەیانییەکی زووی ڕۆژی یەکشەممەی ساڵی١٩٨٠، ژیانی ئاڵتۆسێر ژێرەوژوور بوو، کاتێک "بە هەڵە" هاوژینەکەی خۆی کوشت. بەو جۆرەی خودی ئاڵتۆسێر خۆی بە شڵەژاوییەکی زۆرەوە نووسیوویەتی:

"بە ئاراستەی جەستەیدا چەمابوومەوە و خەریکی شێلانی ملی بووم، زۆر جار خوار ملی و پشتیم بۆ دەشێلا...

بەڵام ئەو جارە، خەریکی شێلانی قوڕگی بووم...

ڕووخساری هیلین ئارام بوو و جووڵەی نەدەکرد، چاوەکانی کرابوونەوە و تەماشای بنمیچەکەیان دەکرد.

بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە و لە ئەنجامی ئەم خورپەیە، تووشی دۆخێک لە تۆقین بووم. چاوەکانی دەیانڕوانی بێ ئەوەی پێڵووەکانی بجوڵێن، ئینجا تێبینیم کرد سەری زمانی لە نێوان ددانەکانی و لێوەکانییەوە هاتووەتە دەرەوە. دیمەنێکی نامۆ و سەیر و ڕەقهەڵگەڕاوی هەبوو.

پێشتر جەستەی مردووی زۆرم بینیبوون، بەڵام پێشتر تەماشای ڕووخساری کەسێکم نەکردبوو بە خنکاندن مردبێت. کتومت لەو ساتەدا زانیم خنکاوە. بەڵام چۆن خنکاوە؟ لە شوێنی خۆم بەرزبوومەوە و هەستامە سەر پێ و بە هەموو دەنگم هاوارم کرد: "هیلینم خنکاند"!

کاتی خۆی لویس ئاڵتۆسێر بانگەشەی ئەوەی دەکرد ساڵانێکە بە هۆی خەمۆکییەوە دووچاری دۆخێک لە تێکچوونی هۆشەکیی درێژخایەن هاتووە. هەر بۆیە بڕیاری ئەوەی دەرهەق درا کە بۆ دادگایکردن لەبار و گونجاو نییە، ئیتر نزیکەی سێ ساڵی لە نەخۆشخانەی نەخۆشیییە دەروونییەکان بەسەربرد، پێش ئەوەی لە ساڵی١٩٨٢دا ئازاد بکرێت و سەرلەنوێ تێکەڵاوی کۆمەڵ ببێتەوە. ماوەی ژیانی دواتری هەر بە ڕێگای نەخۆشخانەکانەوە بوو، ئەو هەشت ساڵەی کە ژیا، هێندەی پێویست کات و هۆشی مابوون تا سەرگوزشتەی ژیانی بە ناونیشانی "داهاتوو تاهەتاییە" بنووسێتەوە.

لە زاری ئاڵتۆسێر خۆیەوە:

هەژەند!

ئاڵتۆسێر نووسیوویەتی و دەڵێت: "پێموایە فێری واتای خۆشەویستییش بووم... هۆشمەندیی بەرامبەر بە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانی تر و، ڕێزگرتن لە خواست و هەست و ئارەزووەکانیان و، هەرگیز داوانەکردنی هیچ شتێک، بەڵکو فێری ئەوە بیت پێشوازی لە هەر دیارییەک بکەیت و وەک هەژەندێک وەریبگریت و، توانای بەخشینی ئەو شتەت هەبێت بە بەرامبەرەکەت کە هەتە و بەوپەڕی خاکەڕایی و بەبی ناچارکردن بیهەژێنیت"، پێدەچێت هیلینی هاوژینی هەژابێت کاتێک لە خەو بە ئاگا هاتووەتەوە تەماشا دەکات ئاڵتۆسێری مێردی دەستی ناوەتە بینەقاقای و دەیخنکێنێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×