سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، سانسۆر بۆ شاردنەوەی زانیاری رەتدەكەینەوە، دەزگای حكومی كاری ئەوە نییە، دەستنیشانی ئەوە بكات كام روداو بەهای هەواڵی تێدایە یان ببێتە هۆی كۆتوبەندكردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی روداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بێت.
ئاوێنە: سەنتەرەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"روداوەكانی كوشتن سەرنجی هەموانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، مشتومڕێكی بەرفراوانی دروستكردوە لەبری قسەكردن لەسەر باشترین ڕێگاكانی روماڵكردنی تاوان كە ڕێز لە ئەخلاق و ڕێسا و میساقەكانی پیشەكە بگرێت، قسە هاتە سەر كۆتوبەندكردن."
ئاماژەی بەوەشداوە، رێكەوتی 26ی ئازار فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی، بە نوسراوێك كە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی ناردوە، "چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری تاوانلێكراو نابێ بكرێت" بە پێچەوانەی دەقی مادەی (236) برگە (1) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111) ساڵی (1969) هەمواركراو بەركارە لە هەرێم."
سەنتەری میترۆ هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە "هەر حاڵەتێك بچێتە خانەی پێشێلكردنی یاسا و رێساكان لە لایەن دەستەی مافی گشتی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی رێكاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرینەبەر." و "داواشیكردوە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندبكرێن كە خۆیان بەدور بگرن لە روماڵكردنی ئەو جۆرە هەواڵانە رەچاوی یاساو رێنماییەكان بكەن، ئەگەر پابەند نەبن رێكاری یاسایی دەگرنەبەر."
سەنتەری میترۆ وتوشیەتی"میترۆ لەگەڵ ئەوەدا نییە میدیا بچێتە ناو هەندێ وردەكاریی تاوانەكان كە كاریگەرییان لەسەر رێڕەوەی لێكوڵینەوەكاندا هەیە یان شێوازی روماڵكردنەكەی ببێتە مایەی هاندانی توندوتیژی یان كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانی قوربانییەكە هەبێت، یان تایبەتمەندی قوربانییەكە پێشێل بكات، یان لە بری دادگاكان حوكم بدات."
میترۆ رایگەیاندوە "دەزگای حكومی، كاری ئەوە نییە كە ئەوە دیاری بكات كام روداوە بەهای هەواڵی تێدایە، یان ببێتە هۆی كۆتوبەندكردنی میدیاكان لە گەیشتن بە راستی روداوەكانی یان شاردنەوەی زانیاری لەسەر رێژەی كوشتن لەناو كۆمەڵگادا بە هەر هۆكارێك بن."
لەگەڵ ئەوەش وتوشیەتی"تێدەگەین كە لە پرسی روماڵی تاواندا، هەندێ دەزگای میدیا لە پَیودانگەی پیشەیی و ئەخلاق و ڕێسای ڕەفتاری پیشەكە لایداوە، بەڵام نابێت ببێتە هۆكارێك كە رینمایی لایەنێكی رەسمی ببێتە جێگرەوەی یاسا."