وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر پارەکەی بەغدا بگاتە هەرێم، "پێش جەژنی ڕەمەزان مووچە دابەشدەکەین".
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە بەر لە جەژن مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابەشبکەین".
ئاشکراشیکرد "ئەگەر تەمویلەکە بگاتە دەستمان، پێش جەژن مووچە دابەشدەکەین".
هەورامانی ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەنگاوی باشیان بڕیوە و لەسەر زۆربەی ئەو کێشە تەکنیکییانەی مووچە، کە هەبوون چارەسەر دۆزراوەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی داراییو ئابووری حكومهتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ڕێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئادار (مانگى 3) تەواو کرا و بڕیارە سبەینێ پارەکە بخرێتەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.