د. سەباح نەسڕەدین هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بڕیاری خەرجكردنی بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی دەركردوە و بەهیوان بە زوترین كات سەرجەم پێداویستیەكانی نەخۆشخانەكان و مەڵبەندەكان دابین بكەن.
ئاوێنە: د. سەباح نەسڕەدین هەورامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەواندا ڕایگەیاند، بەهۆی نەبونی ڕەزامەندی بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشكی، بەشێكی زۆر لە نەخۆشخانە و تاقیگەكان ڕوبەڕوی گرفتی نەبونی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بونەوە كە ئەوەش كاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر هاوڵاتیانی سلێمانی هەبوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بڕیاری خەرجكردنی بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی دەركردوە و بەهیوان بەهۆی ئەو بڕیارەوە بتوانن بە زوترین كات سەرجەم پێداویستی نەخۆشخانەكان و مەڵبەندەكان دابین بكەن.
باسی لەوەشكرد، لە ماوەكانی ڕابردودا زۆر كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی كردوە و نەیانتوانیوە دەرمانی پێویست وەربگرن، یاخود نەیانتوانیوە پشكینی پێویست ئەنجام بدەن، ئەوەش بەهۆی نەبونی ڕەزامەندییەوە بوە.
ئەوەشیخستەڕو، لە ڕۆژانی جەژندا سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەندەكان كراوە دەبن بە ڕوی چارەخوازاندا و بەشێوەی ئێشگری دەوامی خۆیان جێبەجێدەكەن و هەوڵدەدەن ئەوە خزمەتگوزاریانەی كە پێویستە، پێشكەشی بكەن.