بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە كاتژمێر ٨ـی ئەمشەو پەرلەمان كۆببێتەوە، لە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر هەموواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی لە كەرتی تایبەت و گشتی دەدرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای حەشدی شەعبی دەكرێت.
ئاوێنە: نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمشەو و كارنامەكەی، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، بڕیارە كاتژمێر ٨ـی ئەمشەو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ڕاپۆرتی لیژنەی كاتی پەرلەمان بۆ بەدواداچوون بۆ پاراستنی موڵك و ماڵی دەوڵەت دەخوێنرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا دەنگ لەسەر هەموواری یاسای بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە كەرتی تایبەت و گشتی دەدرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای حەشدی شەعبی دەكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای لێخۆشبوونی ڤیزا بۆ هاوڵاتییانی عێراق و قوبرس دەردەكرێت.
بڕیارە دانیشتنەكە كاتژمێر ٨ـی شەو دەستپێبكات.
ئەمە لەكاتێكدایە، پەرلەمانی عێراق نزیكەی دوو مانگە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە، بەشێك لە چاودێران سەرۆكایەتی ئێستای پەرلەمان بەبێ دەسەڵات ناودەبەن.