هه‌ینی, 28 ی ئازار , 2025
لە دیمەشق وەفدێكی رۆژاڤا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوەوە
  2025-03-21       565       

وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە لە دیمەشق لەگەڵ ئەنالینا بێربوك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوەوەو تاوتوێی چەند پرسێكیان كردوە لەوانە پرسی كورد لەسایەی رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، كرد.

ئاوێنە: ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە، كە باڵی سەربازیی هەسەدەیە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دوێنێ پێنجشەممە، لەسەر داوای باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق، وەفدێكی ئەنجومەنەكەیان بە سەرۆكایەتی لەیلا قەرەمان، هاوسەرۆكی مەسەدە، لەگەڵ ئەنالینا بێربوك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و وەفدێكی هاوڕێی لە دیمەشق كۆبونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سوریا لە دوای روخانی رژێمەكەی ئەسەد، پرسی كورد لە سایەی رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع كراوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە هەر لە كۆبونەوەكەدا باس لە پڕۆسەی قۆناغی راگوزەرو هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكان لە سوریا كراوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا گەشبینی خۆیان لەبارەی قۆناغی داهاتوی سوریا دەربڕیوە كە دەكرێت ببێتە مایەی كۆتاییهێنان بە شەڕو هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری. بەڵام نائومێدی خۆیان دەربڕیوە لەبەرامبەر شێوازی دانانی سەرۆكی نوێی سوریا كە لەڕێگەی بەشداریی راستەقینەی سورییەكانەوە نەبوە.

هەر لەوبارەیەوە وەفدەكەی هەسەدە جەختی كردۆتەوە كە ئەو دەستورە كاتییەی كە ئیدارەی نوێی دیمەشق دایناوەو كاری پێ دەكات، ستەمكاری بەشێوەیەكی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوەو دەسەڵاتی مەركەزیی بەهێز دەكات و كاری سیاسی سنوردار دەكات.

مەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا تاوتوێی روداوە خوێناوییەكانی ئەم دواییەی ناوچە كەناراوییەكانی سوریا كراوە لەگەڵ ئەو نیگەرانییانەی كە ئەو روداوانە بەدوای خۆیاندا هێناونی كە دەكرێت كاریگەری خراپیان لەسەر قۆناغی راگوزەری سوریا هەبێت و دۆخی ناسەقامگیری زیاتر بكەن ئەگەر بەپەلە چارەسەرنەكرێن.

هەروەها وەفدەكەی مەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، هەنگاوێكە بە ئاڕاستەیەكی دروست بە ئامانجی بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری و رایگەیاند، ئومێدی هەیە كە بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێن.

لای خۆیشیەوە ئەنالینا بێربوك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پیرۆزبایی لە گەلی كورد كردوە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامبونی هەوڵە دیپلۆماسییەكان كراوەتەوە بۆ بەدیهێنانی رێرەوێكی سیاسی دادپەروەر و گشتگیر كە یەكێتی سوریا مسۆگەر بكات و بنەماكانی دیموكراسی و فرەیی بەهێز بكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×