ئەردۆگان هەڕەشە له‌ ئۆپۆزسیۆن دەکات
  2025-03-27       342       

سه‌رۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی توندكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان لە دژی ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌ی دەکات ڕایگه‌یاند، کاتێک "قەباحەتە گەورەکان" دەرکەوتن، ڕوی ئەوەیان نییە تەماشای کەسوکاری خۆشیان بکەن، ده‌شڵێت، "ئەگەر بتانەوێت گەندەڵییەکانی ناو شارەوانییەکانی جەهەپە لە ئیستانبوڵ بکەنە زنجیرە دراما، ئەوا ڕوبەڕوی شتانێکی زۆر دەبنەوە وەک لەوەی لە زنجیرە دراماکانی بڕازیلدا هەیە، هەوڵ مەدەن ئێمە و گەلەکەمان ڕابکێشنە ناو ئەو چاڵەی خۆتانی تێکەوتون".

ئاوێنە: ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆگان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، ڕایگه‌یاند، "هەرگیز ئەوانەمان لەبیرنەکردوە و ناکەین کە بە ڕێگای ناشەرعی هەوڵی شکستپێهێنانمان دەدەن، ئەوانەی ئەوەندە بێ ئومێدبون وڵات و گەل دەخەنە ئاگرەوە".

سه‌رۆكی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی كرد و وتی، "لەمەودوا هەر جۆرە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ سەر ئابوریی، خۆشگوزەرانی و ئارامی گەل لەبەردەم دادگا لێپرسینەوەی هەیە".

ئەردۆگان باسی لە لێپرسینەکانی داواکاری گشتیی کۆماری ئیستانبوڵ کرد لە بارەی ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو، سه‌رۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ لەسەر "گەندەڵی و تیرۆر" و ڕایگەیاند، "وا دیارە گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ لەگەڵ هەندێک لە شارەوانی قەزاکان کتێبی گەندەڵی و دزی و بەرتیل وەرگرتنیان نوسیوە، کاتێک قەباحەتە گەورەکان دەرکەوتن، ڕوی ئەوەیان نییە تەماشای کەسوکاری خۆشیان بکەن چ جای گەل".
 
ئه‌وه‌شی وت، "ئەگەر بتانەوێت گەندەڵییەکانی ناو شارەوانییەکانی جەهەپە لە ئیستانبوڵ بکەنە زنجیرە دراما، ئەوا ڕوبەڕوی شتانێکی زۆر دەبنەوە وەک لەوەی لە زنجیرە دراماکانی بڕازیلدا هەیە، ئەگەر بەهۆی شەڕی ناوخۆی جەهەپەشەوە بێت، چەرخی گەندەڵی ئێوە دەرکەوتوە، ناتوانن ئەو پیسیانە بشارنەوە، واز لە بڵاوکردنەوەی درۆ بهێنن بە ڕاست و چەپ".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕوی دەمی کردە بەرپرسانی جەهەپە و، ڕایگەیاند، "لەگەڵ دەم شڕاندا واز لە تیرۆری شەقامەکان بهێنن، هەوڵ مەدەن ئێمە و گەلەکەمان ڕابکێشنە ناو ئەو چاڵەی خۆتانی تێکەوتون".

سه‌رۆكی توركیا وتیشی، "ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تاوانکاریەی لە شارەوانیەکان خۆیان گڕۆڵە کردوە لەگەڵ ئیدارەی جەهەپە درۆ لەگەڵ گەل دەکەن، هەرچەندە ڕاستیەکان دەزانن بەڵام بەرامبەر گەلدا نواندن دەکەن، ئەوانەی ئەو زانیاری و بەڵگانەیان هێناوە کە بناغەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵیی و بەرتیل وەرگرتنن، جەهەپەییەکان خۆیانن".
 
زیاتر وتی، "كەسانێک هەوڵی پەردەپۆشکردنی چەرخی گەورەی گەندەڵی و بەرتیل دەدەن، بەڵام بێهودەیە، گەل و دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەریش ڕێگە نادەن ئەو شەرمەزارییە پەردەپۆش بکرێت، جەردەکان بەربوونەتە یەکتری و هاوبەشانی تاوان یەکتریان فرۆشتوە و چون بۆ لای پۆلیس و دادگا ڕاپۆرتیان داوە، لە ئێستادا شایەتحاڵی ئەم پاشلەرزانەین".

هاوكات هێرشی كرده‌ سه‌ر سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ و وتی، "بەداخەوە ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جه‌هه‌په‌ نەیتوانیوە ئازاد بێت، نەیتوانیوە لەژێر فەرمانی ئەو بازنەیە دەربچێت کە بەهۆی کورسیەکەیەوە قەرزداریانە، ئۆزەل وەک سەرۆکی جەهەپە هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکو وەک مایەپوچێکی سیاسیی کە تەماح و ترسەکان مێشکیان دیل کردوە هەڵسوکەوت دەکات".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×