وتەبێژی سەربازیی سودانی: شانەی قەیرانی ئەمنی لەبارەی سنوری سوریا پێك نەهێنراوە
  2025-03-21       140       

سەباح نوعمان، وتەبێژى محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەى گشتیى هێزەچەکدارەکانى عێراق رەتیدەكاتەوە شانەى قەیرانى ئەمنى لەبارەى دۆخى سەر سنورى عێراق لەگەڵ سوریا پێکهێنرابێت.

ئاوێنە: سەباح نوعمان، لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی هەواڵێك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك لە پێگەكانی هەواڵ بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندوە، ئەو هەواڵانەی بڵاوكراونەتەوە كە گوایە حکومەتى عێراقى بڕیاریداوە شانەیەکى قەیرانى ئەمنى بە سەرۆکایەتى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پێکبهێندرێت بۆ بەدواداچونى پەرەسەندنەکانى سەر سنورى عێراق و سوریا و توندکردنەوەى لە چوارچێوەى هاریکارى نێوان وڵاتانى دراوسێ بۆ دروستکردنى ناوەندێکى ستراتیژى بۆ پاراستنى ئاسایش لە ناوچەکە، رەتدەكەینەوە.

 وتەبێژەكەی سودانی داوای كردوە هەواڵ و زانیارییەكان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێن لەپێناو دورکەوتنەوە لە دەنگۆ.

ئەوەشی خستۆتەڕو، جەخت لە فەرمانەکانى سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان دەکەنەوە بۆ دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان بۆ گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی بەرامبەر بەو ئاژانسە هەواڵی و کەناڵە ئاسمانییانەى بە مەبەست هەواڵى چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×