فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال رایگەیاند، لە گرژییەكانی دو رۆژ لەمەوبەردا، سوپای عێراق، بۆسەی بۆ ژمارەیەك شەڕڤان داناوە كە لە كاتی گەڕانەوەیاندا بون بۆ شنگال و گرژی دروست بوە. دەشڵێت، پێنج شەڕڤانمان لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیركراون و تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، بۆ ئەوەی هیچ گرژییەك ڕونەدات، دەبێت دەستبەجێ ئازاد بكرێن.
ئاوێنە: فەرماندەیی گشتی یەبەشە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو گرژیانە بڵاوكردەوە كە شەوی 18ی ئەم مانگە لە سنوری شنگال لەنێوان شەڕڤانانیان و سوپای عێراقدا دروست بو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"شەوی 18ی ئازار، نزیكەی كاتژمێر 11ی شەو، سوپای عێراق هێرشێكی خیانەتكارانەیان كردە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەر بە هێزەكانمان لە یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)."
وتوشیەتی"لە ئەنجامدا ئەو هێرشە پێنج هەڤاڵمان بە دیل گیرا، هەرچەند بەشێكیان بریندار بون و لێیان دراوە و ڕوداوەكە وێنەگیرا و بڵاوكرایەوە، تا ئەمڕۆش چارەنوسیان نادیارە، سەرەڕای ئەم ڕوداوە هەوڵماندا لە نێوان هێزەكانمان و سوپادا چارەسەری بكەین، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچ وەڵامێكیان نەبو."
یەبەشە وتوشیەتی، وەك دەزانرێت ئێمە هەمیشە بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ كێشەكانی ناوچەكە كردوە و هەوڵمان داوە چارەسەری دۆستانە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، ئێمە پێمان وایە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەمان زۆر گرنگترە لە هەندێك بابەتی بچوك.
ئەوەشی خستۆتەڕو، سەرەڕای ڕونی ئەوەی ڕویداوە، هەندێك لێدوانی سەركردایەتی سوپا كە هەڤاڵانی دیلمان بە "تیرۆریست و بەكرێگیراو" وەسف دەكەن، جێگەی قبوڵكردن نین و بە یەكجاری ڕەتیان دەكەینەوە.
یەبەشە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەموان دەزانن یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ئەو هێزەن، كە بەرگریان لە شنگال كرد و لەدەستی چەتەكانیداعش ڕزگاریان كرد، ئەوە ئەوان بون ئاسایشی شنگالیان پاراست، بەڵام كەسانێك هەن هەوڵی شێواندنی ناوبانگی ئەو هێزە دڵسۆز و فیداكارە دەدەن.
وتوشیەتی، ئەمە بۆ شێواندنی ڕاستیەكانە بۆ مەبەستی سیاسی، یان بە فەرمانی هەندێك لایەن بە نیازی كۆتاییهێنان بە هەر ئیرادەیەكی ئێزیدی كە ناتوانێ ملكەچ بێت، یان بەهۆی پەیوەندیی گوماناوی كەسی هەندێ كەرتی سەربازی بە بێ ئاگاداریی سەروی خۆیان، بەم پێیە هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە هێزەكانمان بە بەكرێگیراو و تیرۆریست وەسف بكات، یان تۆمەتی درۆیان ئاراستە بكات، یان پێگەی ئەوان بچوك بكاتەوە.
فەرماندەیی گشتی یەبەشە ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ڕایگشتی بزانێت هەڤاڵانمان لەكاتی ڕاپەڕاندنی ئەركی خۆیاندا، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ سەنتەری شنگال بۆسەیەكی پێشوەختەیان بۆ داڕێژرا بو، لەوێ ئۆتۆمبێلەكانیان گەمارۆ دراون و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێكراوە، ئەم ڕوداوە دەرئەنجامی پیلانگێڕی و پلانێكی پێشوەختە بو لەلایەن بەشێك لە ئەفسەرانی سوپا بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەیەكی ئەمنی.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئێمە ئەو تۆمەتە درۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە ئاراستەی هەڤاڵانمان كراوە، هەڤاڵانمان بەدوای كەسدا نەچون، ئەگەر هەر كێشەیەك هەبوایە دەكرا فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)ی لێ ئاگاداربكرایەتەوەو بەو پێیە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بكرایە، بۆیە دوپاتی دەكەینەوە كە ئەو تۆمەتانەی ئەم لایەنانە سەبارەت بەم بۆنەیە خراونەتەڕو، بێ بنەمان و ڕفاندنی هەڤاڵانمان ناعەقڵانییە.
هەروەها وتوشیەتی، ئەوەی سوپا كردی تەنیا ڕوداوێك نەبو، بەڵكو خیانەتێكی گەورە بو، كارێكی سادە نییە هەڤاڵانمان بەو شێوەیە ترسنۆكانە گەمارۆ بدرێن و هێرش بكرێتە سەریان، ئەوانەی دوێنێ لە دژی چەتەكانی داعش شەڕیان كرد و هاوكار بون بۆ دڵنیابون لە چونە ژورەوەی سەلامەتی هێزە عێراقییەكان بۆ ناو شنگال، ئێستا وەك ئەوەی تاوانبار بن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
هاوكات، ڕاشیگەیاندوە، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەكەین، ناتوانین بە هیچ شێوەیەك قبوڵ بكەین، داوای ئازادكردنی دەستبەجێی هەڤاڵانمان دەكەین، هەرچی پێویست بێت بۆ دەستەبەركردنی ئازادییان دەیكەین، بەڵام ئێمە پێمان باشە ئەم كێشەیە بە بەرپرسیارانە و بەبێ گەورە بون چارەسەر بكەین.
لە كۆتاییدا راگەیەندراوەكەدا هاتوە، داوا لە لایەنە بەرپرسەكانی عێراق دەكەین، كە ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، لەم كاتەدا بەرپرسیارێتی تەواوەتی ژیان و سەلامەتی هەڤاڵانی دیل و بریندارمان لە ئەستۆی سوپای عێراقدایە، بۆ ئەوەی هیچ گرژییەك ڕونەدات، دەبێت هەڤاڵانمان دەستبەجێ ئازاد بكرێن، بۆ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكی جددی كە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەم ڕوداوەوە ڕوبدات، دوربخرێتەوە.