قوباد تاڵەبانی: لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەكانی بەردەم هەناردەکردنی نەوت
  2025-03-20       182       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

 ئاوێنە: نوسینگه‌ی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ قوباد تاڵەبانی پێشوازیکردوه‌ لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردولا تاوتوێ کران، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرا و هەردولا هیوایان خواست ساڵی نوێی کوردی ساڵی ئاشتی و یەکگرتوویی و پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت بۆ گەلی کورد.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا باسی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر رەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی، گەشبینی خۆی دەربڕی لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتو. 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، پارتی و یەکێتی هەردولا هاوڕان لەم قۆناغەدا بەپێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەروەها بۆ خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتییان پێویستە حکومەتێكی کارا و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.
 
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پەلەکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و رایگەیاند "حکومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت".

نوسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت، "پارتی و یه‌كێتی هاوڕابون کە یەکگرتویی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر زوتر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×