سه‌ركرده‌یه‌كى پەکەکە: کۆنگرە عەبدوڵا ئۆجەلانی تێدا ئامادە نەبێت، چه‌ك دانانێین
  2025-03-20       495       

دواى په‌یامه‌كه‌ى ئۆجه‌لان‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌، ئێستا قه‌ندیل په‌یامى نوێى هه‌یه‌، سه‌ركرده‌یه‌كى دیاریى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌)ش ده‌ڵێت:"ئەو کۆنگرەیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێدا ئامادەنەبێت، ئێمه‌ چه‌ك دانانێین".

ئاوێنە: دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرایكرد، "ئێمه‌ وه‌ك په‌كه‌كه‌ بڕیارێكى نوێ‌و به‌په‌له‌مان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئەو کۆنگرەیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێدا ئامادەنەبێت وه‌كو كۆنگره‌ى په‌كه‌كه‌، ئه‌وا په‌كه‌كه‌ ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات، بۆیه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ تاکە کەس کە بتوانێت ئەمە بکات ئۆجەلانەو تەنها ئەو دەتوانێت ئەو بڕیارە بۆ پەکەکە بدات".

ئه‌و سه‌ركرده‌ دیاره‌ى په‌كه‌كه‌ ڕاشیگەیاندوە، "ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادی ئۆجەلان دەبێت‌و هەموان دەیانەوێت هەلومەرجی ژیان‌و کاری ئازادی بۆ ئۆجەلان بڕەخسێت‌و لەبەرامبەردا ئەشکەنجەو گۆشەگیریی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە، بەهیواین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی ئازادیی ئۆجەلان‌و تورکیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دیموکرات بێت".

ده‌شڵێت:"داوا لەهاوڵاتییانی باکوری کوردستان، گەلانی تورکیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکه‌م، بەلێشاو ڕوبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆزو بەجۆش‌و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەن، لەهەمانکاتدا بەدەنگێکی بەرز داوای ئازادی ئۆجەلان بکەن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×