لێدوانی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
  2025-03-19       413       

رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق پێی وتون، هەرێمی كوردستان گرفت دروست دەكات.

ئاوێنە: رێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، میوانداریمان لە بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق كرد و سەبارەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم وتی، هەرێمی كوردستان داوای (46) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لەگەڵ (69) هەزار بەرمیل نەوتی تر وەك شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت.

بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق وەك پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ ئاماژەی پێدا، وتویەتی، هەرێم تێبینی لەسەر ئەو كۆمپانیا راوێژكارییە هەیە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەچنە هەرێمی كوردستان تا خەمڵاندن بۆ ئاستی تێچو و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت بكات.

رێبوار ئەوڕەحمان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق وتوشیەتی، ئەگەر راستگۆبین هەرێمی كوردستان گرفت دروست دەكات، گرفتەكانیش مەترسیدارن لەسەر داهاتوی هەرێمی كوردستان.

بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە قسەی پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ، وتوشیەتی، لە بڕگەی تایبەت لە یاسای بودجەدا هاتوە دەبێت هەرێم رۆژانە (400) هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكات، ئێستا هەرێم رایانگەیاندوە كە توانای بەرهەمهێنانی (300) هەزار بەرمیل نەوتیان هەیەو لەو (300) هەزار بەرمیلەش بڕی (115) هەزار بەرمیل نەوتی تری دەوێت بۆ خۆی و دەیەوێت عێراق پارەی ئەو (115) هەزار بەرمیل نەوتەش بدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×