قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بوە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی داهاتوی هەرێم پێکبهێنرێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە نیکۆلۆ فۆنتایا، باڵیۆزی ئیتالیا و گلێن مایلز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبوەوەو لە هەردو کۆبونەوەکەدا باس لە دوایین بەرەوپێشچونەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا.
ئاماژە بەوەشدراوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست بوە و لە دوایین کۆبونەوەشدا لەسەر رەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی لە هەرێم رێککەوتون.
جێگری سەرۆك وەزیران وتوشیەتی، بەپێی ئەم دۆخە ئەرێنییەی دروست بوە، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بوەو گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی داهاتوی هەرێم پێکبهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە، هەردو لایەنی پارتی و یەکێتی هاوڕان کە بەپێی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و هەروەها بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیان، پێویستە حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتو پێبکبهێنرێت.