ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2025-03-19       204       

ئەنجومەنی وەزیرانی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا بە درێژكردنەوەی داشكاندنی رێژەی 20%ی سزای سەرپێچی هاتوچۆ و هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پەیوەندیدا بن بۆ دامەزراندنی دەرچوانی كۆلێژە پزیشكییەكان و كاریش بكرێت بۆ دابینكردنی موچەی ئەو كەسانەی كە بەهەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون بەڵام موچەیان بۆ نەبەستراوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەكەدا لەسەر پێشنیاری وەزیری ناوخۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەوانەی خستەڕو کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام موچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەهۆی جێگرکردنی میلاکی مانگی تەمموز لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایيی فیدراڵەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی موچەی ئەو کەسانە ئەنجام بدات و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی موچەکانیان بکات، بەگوێرەی ئەو پێشنیارانەی لەلایەن وەزارەتیان لە کۆبونەوە خرانەڕو.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لە كۆبونەوەكەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەرچوانی کۆلیژە پزیشکیيەکان بۆ ساڵی 2024 خستەڕو و ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتيی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچوانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725 و هیوای خواست، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەكەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی لەبارەی درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە خستەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو یارمەتیدانی هاوڵاتیيان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی پەسەند کردو بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20 لە سزای سەرپێچيی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30.

دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەوانەی خستەڕو کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام موچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری، بەهۆی جێگرکردنی میلاکی مانگی تەمموز لە ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایيی فیدراڵەوە.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی موچەی ئەو کەسانە ئەنجام بدات و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی موچەکانیان بکات، بەگوێرەی ئەو پێشنیارانەی لەلایەن وەزارەتیان لە کۆبونەوە خرانەڕو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەرچوانی کۆلیژە پزیشکیيەکان بۆ ساڵی 2024 خستەڕو، کە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکی، ڕێڕەوی وەزیفەو کارو خزمەتیان ڕێکخراوە.

ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتيی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچوانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران بخەنەڕو، تا لەبەر ڕۆشنایيی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان بدرێت لەپێناو نەوەستانی ڕێکارەکانی پلەبەندیی پزیشکی و ڕێکخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاريی تەندروستيی نەخۆشخانەکان و چاودێريی پزیشکی و دابینکردنی بەپێی پێداویستی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×