مەزڵوم عەبدی و لیژنەیەكی حكومەتی سوریا لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوانیان كۆبونەوە
  2025-03-19       438       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ لیژنەیەكی حكومەتی كاتیی سوریا كۆبۆتەوە. هەسەدە دەڵێت، لە كۆبونەوەكەدا پرسی تەواوكردنی رێككەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، دەستوریی كاتی سوریاو پەراوێزنەخستنی هیچ پێكهاتەیەك و هەروەها پێویستی ئاگربەست لە سەرتاسەریی سوریا تاوتوێ كراون.

ئاوێنە: ناوەندیی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانیان لەگەڵ ئەو لیژنەیە كۆبۆتەوە كە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا پێكهێنراوە بۆ تەواوكردنی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی سوریاو هەسەدە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا، رۆهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەكینەكانی پاراستنی ژنان و هەروەها حسێن سەلامە، سەرۆكی لیژنەكەی حكومەتی سوریاو چەند ئەندامێكی دیكەی هەردولا بەشداربون.

هەسەدە ئەوەشی خستۆتەڕو، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر میكانیزمەكانی كاری لیژنەكان كە بڕیارە لەسەرەتای مانگی نیسانی داهاتو بەهاوبەشی كارەكانیان دەست پێ بكەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پرسی دەستوری كاتیی سوریاو پێویستی پەراوێز نەخستنی هەر پێكهاتەیەكی سوریا كراوە لە رۆڵگێڕان و بەشداربون لە داڕشتنی ئایندەی سوریاو نوسینەوەی دەستور.

هەسەدە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە كۆبونەوەكەدا بەدورودرێژی باس لە پێویستی ئاگربەست لە سەرتاسەریی سوریا كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×