عومه‌ر گوڵپی: کارەبا لە خوێنی خۆمان بەرهەم دێت، نابێت بە نرخی بازرگانی پێمان بفرۆشنەوە
  2025-03-19       223       

عومه‌ر گوڵپی، كاندیدی سه‌ركه‌وتو بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، زیاتر لە 90%ی کارەبای کوردستان لە غازی (کۆرمۆر)ی چەمچەماڵ و (خورمەڵە)ی هەولێر بەرهەمدێت، غازیش موڵکی ئەم میللەتەیە، ئەگەر کارەبای بە نرخی حکومی پێدابین نەکرێت، بۆچی باشە، ده‌شڵێت، "لە هەرێمی کوردستان، کارەبا لە خوێنی خۆمان بەرهەم دێت، نابێت بە نرخی "بازرگانی" پێمان بفرۆشنەوە!".

ئاوێنە: عومه‌ر گوڵپی كه‌ سه‌ركه‌وتنی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌ڵام حزبه‌كه‌ی (کۆمەڵی دادگەری کوردستان) بڕیاریداوه‌ نه‌چێته‌ په‌رله‌مان، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، "کۆمپانیای دانەغاز لە بەرنامەیدایە بەرهەمی غازی چەمچەماڵ پەرەپێبدات و بگەیەنێتە دو هێندە، توانای وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش لە ئێستادا دو هێندەیەو تەنها غازی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، دەتوانن دو هێندە کارەبا دابین بکەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەکاندا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا نزیک بووتەوە لە 3900 مێگاوات، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا نزیکەی 7000 مێگاواتە، بەڵام 900 مێگاواتی دەفرۆشن بە وەزارەتی کارەبای عێراق!

عومه‌ر گوڵپی ده‌ڵێت، "پێویستە وەزارەتی کارەبا پابەندی دابینکردنی کارەبا بێت بۆ هاووڵاتیان بەو نرخانەی ئێستا کە بە 18 دینار بۆ کیلۆ واتێک دەستپێدەکەن، ئەوەش لەبەر یەک هۆکاری سادە، ئەویش ئەوەیە، هەمو خێزانێک مافی بەکارهێنانی کارەبای هەیە بۆ پێویستییەکانی ڕۆژانە، نەوەک تەنها دەوڵەمەندەکان و بەرپرسان!".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان "پڕۆژه‌ی ڕوناكی" ڕاگه‌یاندوه‌ و ئامانجیه‌تی كاره‌بای به‌رده‌وام بداته‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن، گرانی نرخه‌كه‌ی بارگرانییه‌كه‌ی زۆر له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیان دروستده‌كات.


ئه‌و وتانه‌ی عومه‌ر گوڵپی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند، "ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی ڕوناكی بۆ هاوڵاتییان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی ئێستا دەیدەنە هەردو کارەبای موەلیدە و نیشتمانی". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ڕۆژەی روناكی، كارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانی كوردستان دابین دەكات، خەونێك بوو كە چەندان ساڵە هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕوانی بون".

وه‌زیری كاره‌با باسی له‌وه‌شكردوه‌، "دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییان، 90%یان لە پڕۆژەی ڕوناكی پارەی زیاد نادەن، بۆیە پارەی پڕۆژەی ڕوناكی لە پارەی ئێستای موەلیدە كەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی نابێت و ژینگەش پیس ناکات، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بین و پشتیوانی لێبكەین". 
- دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، ئەم پڕۆژەیە بە سوودی هەمووان دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×