کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی قەندیل ڕایگەیاند، کە ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆزی ٢٧٢٥ لە قەندیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، کۆبەرهەمە چاپکراوەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی ئاهەنگەکە و هاندانی بەشداربووان کۆمیتەکە بانگەواز بۆ هەموو دڵسۆزانی دۆزی ئازادی و یەکسانی دەکات، کە لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بن و پێکەوە نەورۆز بکەنە دەرفەتێک بۆ نوێبوونەوە و پتەوکردنی خەبات.
ئاوێنە: کۆمیتەی ئامادەکار ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ٣٠ ناونیشانی جیاواز لە سەرجەم ژانەرەکاندا لە ئاهەنگەکەدا نمایش دەکرێن، کە بە شێوەزارەکانی (سۆرانی، بادینی، هەورامی) بەردەست دەبن. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ هەمووان بۆ ئەوەی دەستیان بە سەرچاوە فیکرییە بەنرخەکان بگات و زیاتر لە فەلسەفە و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادی تێبگەن.
لە نێو ناونیشانەکاندا، کتێبە گرنگەکانی وەک “ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو”، “شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ”، “دایە یادە”، “دیار غەریب مانیفیستۆی کەسێتی ئازاد و شۆڕشگێڕی کوردستان”، “دادگای مێژوو (بادینی)”، “تێکۆشانی پەنجا ساڵەی پەکەکە (هەورامی)”، “خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی (هەورامی)” “پیاوسالاریی”، “شۆڕشی گەل و دەسەڵاتی خۆسەپێن”، گوڵە پاییزە نیسان و چەندین ناونیشانی دیکە دەبینرێن.
بۆ ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ تایبەتر بکەن، کۆمیتەی ئامادەکار چەند بڵاوکراوەیەکی نوێی ئامادە کردووە، لەوانە “مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیک” (پێنج بەرگ)، “پەرتووکی ژنۆلۆژی باشوور”، “ئازادی سەردەکەوێت-ڕۆمانی وێنەکێشراوی عەبدوڵڵا ئۆجالان و خەباتی گەلی کورد”، هەروەها کتێبی “عەبدوڵڵا ئۆجالان شەڕ و ئاشتی لە کوردستاندا”. “ژنۆلۆژی زانستی ئازادبوونی کۆمەڵگە لە ڕەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی”. ئەم بڵاوکراوانە بە دڵنیاییەوە دەبنە سەرچاوەی ئیلهامبەخش بۆ بەشداربووان.
کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز هیوای خواستووە کە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە قەندیل ببێتە کۆبوونەوەیەکی شکۆدار و دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی برایەتی و هاوپشتی لە نێوان هەموو ئازادیخوازان. داوا لە هەموو کەسێک دەکەین، کە بەشداری بکەن و پێکەوە نەورۆز بکەنە سەرەتایەکی نوێ بۆ خەباتێکی بەهێزتر.
هاوشێوەی ساڵانی پێشو ئەمساڵیش وابڕیارە لە ڕۆژی ٢١ی ئادار لە بناری قەندیل، گەورەترین و پڕجۆشترین ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەبچێت، بە تایبەت، کە نەورۆزی ئەمساڵ بە نەورۆزی سەدە ناودەبرێت و لەگەڵ “پەیامی سەدە”ی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئاوێتەی یەک دەبن و کورد لە مەیدانەکانی نەورۆزدا پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان دەدات بە گوێی جیهاندا.