سودانی و وەزیری بەرگریی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
  2025-03-16       148       

وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەقۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر حوسییەكان بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی حوسییەكان هێرشەكانیان رادەگرن. سودانی-ش دەڵێت، عێراق پابەندە بە پاراستنی راوێژكارە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وڵاتەكەی و هەروەها پابەندیشە بەوەی كە بەكارهێنانی هێز تەنیا لەدەست دەوڵەتدا بێت.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، رۆژی یەكشەممە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە پێت هێگسێز، وەزیری بەرگریی ئەمریكاوە پێگەیشت و تێیدا تاوتوێی شەراكەتی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریكاو بایەخدانی هاوبەشییان بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە تاوتوێ كرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنەكەدا وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە ئاماژەدان بە پێشهاتەكانی پەیوەست بە یەمەنەوە، وتویەتی، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە یەكەم تا ئەو كاتەی حوسییەكان هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكاو كەشتییەكان لە دەریای سور رادەگرن.

وەزیرە ئەمریكییەكە جەختیشی كردۆتەوە كە واشنتۆن بەدوای گرژییەوە نییە، لەگەڵ راگرتنی هێرشی حوسییەكاندا، دەستبەجێ ئەمریكاش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی رادەگرێت.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆیەوە سودانی جەختی لە هێوركردنەوەو گفتوگۆ وەك دو رێگەی كاریگەر بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەیەكی هەستیاری وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردۆتەوە و وتویەتی، ئەوەش گوزارشت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دەكات لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵەنگارییەكانی ناوچەكەو بەغدا بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەسەر ئەو بنەمایە.

هێما بۆ ئەوەش كراوە كە هەردولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی ئەمنی كردەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش و هەروەها گفتوگۆشیان لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچەكەوە كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سودانی پایەندیی عێراقی بە پاراستنی ئەو راوێژكارە سەربازییانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوپاتكردۆتەوە كە لە عێراق كاردەكەن و جەختیشی لەوە كردۆتەوە كە عێراق پابەندە بەوەی كە بەكارهێنانی هێز تەنیا لەدەست دەوڵەتدا بێت.

هەر لە پەیوەندییەکەدا هەردولا پابەندبونی هاوبەشیان دوپاتکردەوە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و ئایدۆلۆژیا توندڕەوەكان لەنێویاندا داعش لەگەڵ بەهێزکردنی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەكە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردولا سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەیان لە بەئامانجگرتن و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی داعش خستەڕو و جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ڕێبازێکی بەهێز و هەماهەنگ کردەوە، بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕێکخراوەکە لە دوبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی.

هەروەك بەپێی راگەیەندراوەكە، گفتوگۆشیان لە دۆخی ئەمنی ناوچەكە بەتایبەت دۆخی نیگەرانكەری سوریا كردو سوربونی خۆیان دەربڕی بۆ بەرەنگاربونەی داعش بۆ دروستکردنی هەر هەڕەشەیەک لە سوریا، دوای ئەوەی رێكخراوەكە چەکی نوێی لەو وڵاتە دەستكەوتوەو کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی خۆی دەكات، ئەمەش پێویستی بە کاردانەوەی بە کۆمەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژییەکی نوێ کە هەڕەشە لە سەقامگیری بکات.

نوسینگەی سودانی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەردولا پابەندبونی خۆیان نوێ کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكەو وەزیری بەرگریی ئەمریکا پابەندبونی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی درێژخایەن.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبونی گفتوگۆ و هەماهەنگی بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکان و پێکەوە کارکردن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×