بەغداو ئەنقەرە رێككەوتن لەسەر دو هێندەكردنی ئەو كارەبایەی توركیا بۆ عێراقی دابین دەكات
  2025-03-16       199       

لە كۆبونەوەی نێوان وەزیری وزەی توركیاو وەزارەتی كارەبای عێراق و وەزارەتی دەرەوەدا، بەغداو ئەنقەرە رێككەوتن لەسەر دو هێندەكردنی ئەو كارەبایەی كە توركیا بۆ عێراقی دابین دەكات و هەروەها تاوتوێی هاوردەكردنی غازییان لە توركیاوە بۆ عێراق كردوە لەگەڵ تاوتوێكردنی نوێكردنەوەی گرێبەستی بۆری نەوتی بەندەری جەیهان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەكشەممە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەو زیاد عەلی فازڵ، وەزیری كارەبای عێراق بە جیا لەگەڵ ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی توركیا لە بەغدا كۆبونەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی هەردو وەزارەتە  عێراقییەكە لە كۆبونەوەكاندا رێككەوتن كراوە لسەر دو هێندەكردنی ئەو كارەبایەی كە توركیا بۆ عێراقی دابین دەكات.

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی رێككەوتنەكە ئەو كارەبایەی توركیا بۆ عێراقی دابین دەكات لە 300 مێگاواتەوە دەكرێتە 600 مێگاوات.

لە مانگی تەمموزی رابردودا، عێراق و توركیا هێڵێكی بەستنەوەی كارەبایی هاوبەشیان خستەكار كە لە ئێستادا 300 مێگاوات كارەبا لە توركیاوە بۆ عێراق دابین دەكات.

وەزیری وزەی توركیا وتویەتی، لە چەند مانگی داهاتودا، ئەو كارەبایەی بۆ عێراقی دابین دەكەن دەكرێتە 600 مێگاوات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، زیادكردنی كارەباكە بەشێك لە پێداویستییەكان هەرێمی كوردستان و شاری موسڵ بۆ كارەبا پڕدەكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی نوێكردنەوەی گرێبەستی هێڵی بۆری نەوتی بەندەری جەیهان كراوە و جەختیش كراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە دەكرێت هێڵەكە درێژبكرێتەوە بۆ باشوری عێراق بە مەبەستی بەرزكردنەوەی توانای هەناردەی نەوتی عێراقی و گەیاندنی بە بازاڕە ئەوروپییەكان.

هەر بەپێی قسەی وەزارەتەكە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆش لەبارەی هاوردەكرنی غاز لە توركیاوە كراوە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×